هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا ئیدانەی ئەوەی کرد، کە هەزاران ئێزیدی قەرەبووی پێویستیان وەرنەگرتووە بۆ بنیاتنانەوەی ماڵە وێران بووەکانیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە سنووری شنگال، دوای ئەوەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، “دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە ئەو قەرەبووە داراییە بدەن کە بەپێی یاسای عێراق دەبوو بە هەزاران ئێزیدی و کەسانی دیکەی قەزای شنگال قەرەبوو بکرێنەوە، کە بەهۆی وێرانکردن و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵیان لەلایەن داعشەوە”.
سارا سەنبەر، لێکۆڵەری عێراقی لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: “بەبێ قەرەبووکردنەوە، زۆرێک لە شنگالییەکان سەرچاوەی داراییان نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵ و شوێنی کارەکانیان، بۆیە ناتوانن بە سادەیی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، چونکە خەڵک بۆیە دەگەڕێنەوە ماڵەوە و تاوەکو ژیانیان بنیات بنێنەوە”.
لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە لە ساڵی 2014ەوە لە کەمپی ئاوارەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، “ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، رووبەڕووی دۆخی ناجێگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەبنەوە، لەوانە پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ئاو و کارەبا”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “تەنها 420 ئافرەتی ئێزیدی لە مانگی شوباتی 2023 بە پێی یاسای رزگاربووانی ئێزیدی قەرەبووی داراییان وەرگرتووە”، ئەمەش پەیوەندی بەو خێزانانەوە هەیە کە ئەندامەکانیان تووشی کوشتن و رفاندن و دەستدرێژیکردن بوونەتەوە.
دەشڵێت: لەچوارچێوەی یاسایەکی دیکەی تایبەتدا، نزیکەی 10 هەزار و 500 کەس لە خەڵکی شنگال داواکاری قەرەبوویان پێشکەش کرد، بەڵام نزیکەی پێنج هەزار لەو داواکاریانە پەسەند کرا، هەروەها هیچ خێزانێک هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە.
پەرلەمانتار مەجید شەنگاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شنگال، بە هیومان رایتس وۆچ-ی راگەیاند، “بەهۆی کێشەی بودجەی فیدراڵی لە ساڵی 2021ەوە قەرەبووکردنەوە بە شنگال نەدراوە، بەڵام بە گوتەی رێکخراوەکە دواکەوتنەکە پەیوەندی بە کێشە ئاڵۆزەکان و ئیدارییەوە هەیە.
لە مانگی ئابی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر قەزای شنگال لە هەرێمی کوردستان بەسەدانیان لێ کوژرا و بەدیل گیران، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 200 هەزار کەسی خەڵکی شنگال ئاوارەن و زۆربەیان لە کەمپەکاندا دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لەبەر ئاوەدان نەکردنەوەی شوێنەکەیان.