سەرۆکی بەشی ئەمەریکا لە هەواڵگری پێشووی عێراق چەند زانیارییەکی نەبیستراو ئاشکرا دەکات و باسی هەوڵی تیرۆرکردنی خومەینی و رێککەوتننامەی جەزائیر و لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر و چەندین نهێنی دەکات.
ملازم سالم جومەیلی سەرۆکی بەشی ئەمەریکا لە هەواڵگری پێشووی عێراق، لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا رایگەیاند، لە ناوەڕاستی شەستەکاندا خومەینی هاتە عێراق و لە سەرەتاوە چالاک نەبوو، دوای شۆڕشی تەممووزی ساڵی 1968، عێراق هەڵوێستی دژایەتی بڕیاری شای بۆ لکاندنی سێ دوورگەی ئیماراتی گرتەبەر، دواتر محەممەد رەزا پەهلەوی وەک کارتی گوشار و هەڕەشە هێزەکانی بەرەو سنووری عێراق جووڵاند، خومەینی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دروست نییە موسوڵمان شەڕ لەگەڵ موسڵمان بکات، داوای لە سەربازانی ئێران کرد کە یاخی بن و پابەندی فەرمانی شا نەبن.
جومەیلی دەشڵێت: ئێمە دەستمان کرد بە پشتیوانی کردنی خومەینی پاسپۆرتمان بۆ خۆی و گرووپەکەی دەرکردن، رێگەمان پێدا دەست بە چالاکیی سیاسیەکان بکات دژی شا.
بەرپرسەکەی پێشووی هەواڵگری عێراق، گوتیشی: هاوڕێیەکی کۆنی سەرۆک کۆماری عێراق بە ناوی عەلی باوە هەماهەنگی لەگەڵ خومەینی کرد، بەشداری لە دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکان کرد، کە کە دواتر دەزگای ئیتلاعاتی لێ دروست بوو، باوە بە چەندین شێوە پشتیوانی لە خومەینی و گرووپەکەی کرد و خومەینی زیاتر لە جارێک سوپاسی سەرکردایەتی عێراقی کرد.
جومەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو مەرجەکانی رێککەوتننامەی جەزائیری 1975، ئەوە بوو کە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسەر خاکی عێراق چالاکیەکانیان رابگیرێت، خومەینی سەرنجی خۆی بۆ رەچاوکردنی بارودۆخی نوێ و مەرجەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران قبوڵ نەکرد، پاشان بەردەوام بوو، پێمان گوت ئەگەر پێداگری لەسەر درێژەدان بە چالاکییەکەی بکات، دەبێت عێراق بەجێبهێڵێت، دواتر خومەینی هەوڵیدا بچێتە کوەیت و لە ناوچەی سنووری گیری خوارد، دواتر دەسەڵاتدارانی عێراق رازی بوون بە گەڕانەوەی بۆ نەجەف.
لەسەر پرسی خومەینی و سەبارەت بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران، جومەیلی دەڵێت: کۆنترۆڵکردنی خومەینی قورسە، لەم کەشوهەوایەدا سەرکردایەتی باسیان لە کێشەکە کرد و پێداگری خومەینی لەسەر درێژەدان بە چالاکییەکەی روونکردەوە، دواتر لە یەکێک لە دیدارەکاندا یەکێک لە ئەفسەرەکان پێشنیاری کرد کە خومەینی تیرۆر بکرێت، پاشان ئەبو ئەلقاسم ئەلخوئی، پیاوی ئایینی شیعە بەرپرسیار بکرێت لە تیرۆرکردنی و بەم شێوەیەش ئەو دووانە بە کردەیی لەناو دەبرێن، بەڵام سەرۆککۆمار رازی نەبوو بە تیرۆرکردن یان رادەستکردنی خومەینی بە ئیتلاعاتی شا، گوتیشی: ئیتلاعات نازانێت میوانی عێراقە؟.
لەو کاتەدا خومەینی بەرەو پاریس بەڕێکەوت، سەدام ویستی بەدواداچوون بۆ قۆناغی داهاتووی خومەینی بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی رژێمی شا وا دیار بوو لەرزۆکە، سەرۆک عەلی باوەی راسپارد بۆ ئەوەی بچێتە پاریس، چونکە پەیوەندی لەگەڵ خومەینی هەبوو، باوە پرسیاری لە خومەینی کرد لە ئەگەری رووخانی شا و گەڕانەوەی بۆ تاران چی دەکات، خومەینی گوتی: دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئەولەویەت رووخانی رژێمی “بەعس”ە لە عێراق، کە سەدام گوێی لە راپۆرتی نێردراوەکەی گرت، گەیشتە ئەو ئەنجامەی لە ئەگەری گەڕانەوەی خومەینی بۆ تاران رووبەڕووبوونەوەی حەتمییە، کە پێدەچێت زۆر ئەگەری دیکەی هەبێت.
جومەیلی راشیگەیاند، شا رۆیشت و خومەینی گەڕایەوە، رەوتی ئیسلامی شیعە لە عێراق پەلەیان کرد لە هاوسۆزی کردنی ئەوان، هەروەها خومەینی محمد باقر ئەلحەکیمی لە عێراق هاندەدا بۆ راگەیاندنی شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، لەوکاتەدا کەشوهەوای رق و کینە لە عێراق سەری هەڵدا، ئەویش ئێران لە رێگەی بریکارەکانیەوە ئەنجامی دەدا، بە تایبەت هەوڵی تیرۆرکردنی تاریق عەزیز و سەعدون حەمادی و چاندنی بۆمب، هەروەها نیشانەکانی رووبەڕووبوونەوە زیاتر بوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێش هەڵگیرسانی شەڕ فڕۆکەیەکی ئێرانی بەسەر ئاسمانی عێراقدا کەوتە خوارەوە و ئێمەش فڕۆکەوانەکەمان لای خۆمان هێشتەوە، ئەمەش وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە ئێران بە کردەوە دەستپێشخەری شەڕی کردووە.
جومەیلی جەختی لەوەکردەوە، کاتێک “شۆڕشی ئیسلامی” لە ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تێکەڵەیەک لە هێزەکانی لەخۆگرتبوو و خومەینی کودەتای بەسەر موجاهیدینی خەلق کرد و سەرکردەکانی لە سێدارەدان، سەرەڕای ئەوەی موجاهیدنی خەڵق رۆڵی لە رووخاندنی شادا هەبووە.
دەشڵێت: بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەرزان تکریتی، پلانێک دارێژرا بۆ بۆمب رێژکردنی بارەگای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شوڕای ئێرانی، کە لە 28ی حوزەیرانی 1981 جێبەجێکرا، ئایەتوڵڵا حسێن بەهەشتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و 72 کەسایەتی سەرکردە کە لەنێویاندا وەزیر و جێگر و بەرپرسی کەرتە جیاوازەکان بوون، کوژران.