هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارەکاندا رەخنە لە عێراق دەگرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی ئاماری ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان، زیاتر لە نۆسەد و بیست و شەش ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەو ژمارەیە شەش سەد و شەست و چوار ھەزار و دووسەد و سی و حەوت کەسیان ئاوارەن و دوو سەد و شەست و یەک ھەزار و حەوت سەد و ھەشتاو یەک کەسیان پەنابەرن، ساڵانە بۆ خەرجی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھەشت سەد و شەست و شەش ملیۆن دۆلارە. وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق لە پێشکەشکردنی ھاوکاری بە ئاوارە و پەنابەران وەکو پێویست ئەرکی خۆ جێبەجێ ناکات.

ھەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پێگەیەکی گرنگی مرۆیی و جیھانی لەڕووی پێشوازیکردن و ڕێزگرتن لە پەنابەران و ئاوارەکان تۆمار کردووە و لەلایەن دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرز نرخێنراوە.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕێژەی ئاوارەکان بە گشتی لە ھەرێمی کوردستان، شەش سەد و شەست و چوار ھەزار و حەوت سەد و نەوەد و ھەشت کەسە و ژمارەی ئاوارەکانی ناو کەمپ، سەد و حەفتا و چوار ھەزار و حەوت سەد و چوار کەسە و ڕێژەی ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان چوار سەد و نەوەد ھەزار و نەوەد و دوو کەس بووە، لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی پەنابەران بەگشتی لە ھەرێمی کوردستان دوو سەد و چل و ھەشت ھەزار و چوار سەد و سی و چوار کەسن، لەم ڕێژەیە نەوەد و سێ ھەزار و نۆسەد و شەست و شەش کەسیان پەنابەری ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانیش سەد و پەنجا و چوار ھەزار و چوار سەد و شەست و ھەشت پەنابەر لە خۆ دەگرێت.
کۆچی پێچەوانە ھێشتا بەردەوامە، بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا و لە شنگال خەڵک دیسان دەگەڕێنەوە و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، ئەوەش پەیوەندیی بە بارودۆخی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە ھەیە.
لە ھەرێمی کوردستان ٢٦ کەمپی ئاوارەکان ھەن، شازدەیان لە دھۆک، شەش کەمپ لە ھەولێر و چواریش لە سلێمانی، سی و شەش ھەزار خێزان لەو کەمپانە دەژین، کە زۆربەیان ئاوارەی شنگال، نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەلاحەددینن.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: حکوومەتی عێراق لە پێشکەشکردنی ھاوکاری بە ئاوارە و پەنابەران وەکو پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ ھاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران، باسی لەوەکرد، پێشبینی دەکرێت ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە سەد ھەزار پەنابەر بکات کە لە پارێزگای ھەولێرن.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ٥٠%ی ئەو پەنابەرانەی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، لە پارێزگای ھەولێر نیشتەجێن، گوتیشی: بەداخەوە بارودۆخ ھێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و ڕێکارەکان وەک پێویست نین، بۆ ئەوەی پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
ڕێبەر ئەحمەد، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئەرکی ھاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکوومەت و خەڵکی ھەرێمی کوردستان جێنەھێڵن.
وەزیری ناوخۆ، ڕاشیگەیاند: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان دەکات. گوتیشی: ڕاستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی ھەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارەکان بۆ وڵات و شارەکانی خۆیان گوتی: دۆخەکە ھێشتا ئاسایی نییە و ڕێکارەکان وەکو پێویست نین، بەڵام تا ئەو کاتەی پەنابەران لێرە بن، گەلی کوردستان و حکوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەوەی لە توانایاندا بێت لە ھاوکاریکردنیان درێخی ناکەن.
ڕێبەر ئەحمەد، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە پەنابەر و ئاوارەکان، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی خێرخواز کرد، ئەم ئەرکە تەنیا بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی جێنەھێڵن و گوتی: ڕاستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بودجەیەکی زۆری ھەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری کاروباری ئاوارە و پەنابەراندا وەکو پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گرت، کە بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئاوارە و پەنابەرانە و گوتی: نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەموو کات ئەم بابەتەی لە ڕووی سیاسییەوە سەیر کردووە، جێگەی داخە ژیانی ئاوارە و پەنابەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربھێنرێت.
ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ئیمزا کرا، ڕێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکھاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی ھەموو ھێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەیە لە شنگال، لەگەڵ ڕاسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگریی فیدراڵی، ھەروەھا دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و ڕەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. ڕێبەر ئەحمەد، پێیوایە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستە ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لە بەغداوە بەئاراستەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال نەنراوە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ھەولێر، گوتی: حکوومەتی عێراق یەک دینار ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران ناکات، بارودۆخەکەش گونجاو نییە بۆ گەڕانەوەیان؛ چونکە تا ئێستە لە ناوچەکانی ئەوان گروپە چەکدارەکان ھەن، شەڕ و ئالۆزی ھەیە، ئەگەر ناوچەکانی ئەوان لەڕووی ئەمنییەوە لەبار بێت بۆ گەڕانەوە و حکوومەتی عێراقیش ھاوکار بێت حەز دەکەن بگەڕێنەوە. بەڵام تا ئێستە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، بارودۆخی ئەمنی لەبار نییە، شوێنی مانەوەیان نییە، زۆر ھۆکاری دیکە ھەن کە وا دەکات ئاوارە و پەنابەران نەگەڕێنەوە و ھەر لە ئاوارەییدا بژین. ڕێکخراوەکانیش کە ھاوکارییەکانیان ڕاگرتووە دەبێت ئەوانیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت و ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەرەکان بکەن، تا بارودۆخی ناوچەکانیان ئارام دەبێت.
سروە ڕەسووڵ، دەشڵێ: خەرجی ئاوارە و پەنابەران یەکجار زۆرە، سەدان ملیار دینار خەرجی ئاوارە و پەنابەرانە. لە سنووری ھەولێر تەواوی خەرجیی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانە وەکو کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەڕووی مرۆییەوە، حکوومەتی ھەرێم ھەردەم دەرگای واڵا بووە، ھەر کاتێک خەڵکی لێقەوماو پێویستی بە ئێمە ھەبێت، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی یارمەتیمان داوە، ھەموو خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوان بێبەرامبەرە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم ھەرچی لە توانای بووە بۆ ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، واتە ئەوەی بۆ خەڵکی خۆی دەکات، ھەمان شت بۆ ئەوانیش دەکات.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، دەڵێ :” ژمارەیەکی زۆر کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە
سەرەڕای داوای ئاوارەکان، بەڵام عێراق کەمترین بڕی هاوکاری پێشکەشی ئاوارەکان کردووە،جگە لەوەش هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کەمبووەتەوە، ئەوەش بارگرانییەکەی خستووەتە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئێستا رۆژانە هەر ئاوارەیەک دوو بۆ سێ دۆلاری پێویستە وەکو خەرجی، سەرجەم رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار پێویستە بۆ خەرجی ئاوارەکان .
لە هەرێمی کوردستان 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی 36 کەمپی ئاوارە هەن، بەڵام 74٪ی ئاوارەکان لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
عومەر ئەلعەجلونی لێکۆڵەر لەبارەی دۆخی ئاوارە و پەنابەران، دەڵێ :” حکوومەتی عێراق پێویستە لەسەر هەموو پێویستیەکانی نێو کەمپەکان بۆ ئاوارەکان دابین بکات لەگەڵ کەرەستەی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی ئاوارەکان .
بەپێی دەستوور ئەرکی عێراقە بە یەکسانی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەموو دانیشتووان دابین بکات، ماددەی 30 بڕگەی یەکە لە دەستووردا دەڵێ:” حکومەت دەبێت دڵنیایی ژیانی تاک و خێزان دیاری بکات، بەتایبەت منداڵان ژنان لەرووی تەندروستی و کۆمەڵایەتیییەوە، پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەخۆراییە و دەبێت هەمووان شەرەفمەندانە بژین.