قەرزەکانی عێراق لە دوو دەیەدا بۆ یەک لەسەر شەش کەمی کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

قەرزەکانی سەر عێراق لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە سەرووی سەد و بیست و دوو ملیار دۆلارەوە بۆ بیست و دوو ملیار دۆلار کەمی کردووە و ئەمەش نزیکەی یەک لەسەر شەشی کۆی قەرزەکان بووە. سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیە و بەرزبوونەوەی یەدەگی دراو، عێراق چاوی لە قەرزی دەرەکییە و لە بودجەی ئەمساڵدا بڕیار دراوە ملیاران دۆلار بە قەرز وەربگرێت.

سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی دەکات قه‌رزی ده‌ره‌كی بۆ عێراق بۆ ئەمساڵی زایینی، به‌ بڕی سەد و بیست ملیار دۆلار کەم ببێتەوە و کۆی قەرزەکانی سەر عێراق بۆ سەد و بیست و دوو ملیار دۆلار دادەبەزێنێت. سندووقەکە باسی لەوە كردووه‌، وڵاتانی به‌رهه‌مێنەری نه‌وت کە به‌شێكیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا هەڵکەوتوون، قه‌رزداری سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تین. سندووقه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، به‌حرێن سەرووی سەد و نەوەد و حەوت ملیار٠ دۆلار قەرزدارە کە زۆرترینە و جەزائیریش قەرزەکەی تەنیا ١٥٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلارە کە بە کەمترین قەرزی دەرەکی هەژمار دەکێت.
وەک خراوەتە ڕوو، عێراق ٢٣٢٠٠٠٠٠٠٠٠ قەرزدارە و بە گەڕاندنەوەی ١٢٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار قەرزەکەی بۆ ٢٢٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٨٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کەم دەبێتەوە.
پێویستە بگوترێ تا ساڵی ٢٠٠٠ کە هێشتا رژێمی بەعس نەڕووخابوو، قەبارەی ئەو قەرزەی لەسەر حکوومەتی عێراق بوو دەگەیشتە ١٢٢٤٠٠٠٠٠٠٠٠بەڵام بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسەوە دەست بەگەڕانەوەی قەرزەکان کراوە. تا ساڵی ٢٠٢٠ کۆی قەرزەکە بۆ سەرووی ٤٨٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار کەم کرایەوە و لە ٢٠٢١ گەیەنرایە ٣٣٠٠٠٠٠٠٠٠٠ و لە ٢٠٢٢ تا دوو سەد و سی و دوو دۆلار دابەزی.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ هەموو ئەو قەرزانەی کە عێراق دەیانداتەوە مەرج نییە پێشتر بە قەرز وەریانی گرتبێت، بەڵکوو بەشێکیان پەیوەست بووە بەو سزایانەی کە بەسەر عێراقدا سەپاوە و ئەو وڵاتە وەک قەرەبوو ناچار کراوە پارەکان بگەڕێنێتەوە.
یەکێک لە گەورەترین ئەو قەرەبووانە کە عێراق لەم دوو ساڵەدا توانی لێی دەرباز بێ قەرزی قەرەبووکردنەوەی جەنگی کوێت بوو. عێراق دەبوایە سەرووی پێنج سەد ملیار دۆلار بداتەوە کوێت و توانی سەرجەم ئەو قەرزە بداتەوە و دۆسیەی قەرەبووەکە دابخات.
حکوومەتی عێراق سەرەڕای ئەوەی کە داهاتەکانی لە ساڵی ڕابردوود و ئەمساڵدا زۆر گونجاو بووە، کەچی هێشتا چاوی لە قەرزی دەرەکییە و بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە پڕۆژەکان. یەدەگی دراوی عێراق گەیشتووەتە سەرووی سەد ملیار دۆلار و توانای هەیە بە پشتبەستن بەو یەدەگەی دراو پشت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ببەستێت و لە قەرزەکانی کەم بکاتەوە بەڵام ئەوەی پەیڕەو نەکردووە.
لە خولی ئەمجارەشدا بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی پەرلەمان رەخنەیان ئاراستەی حکوومەتی سوودانی کردووە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لە پڕۆژەکان پشتی بە قەرزی دەرەکی سپاردووە لە کاتێکدا دەتوانێت ئەمە نەکات و رێکاری تر بگرێتە بەر و لە قەبارەی کورتهێنانی بودجەش کەم بکاتەوە.
بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ١٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار لە بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی، سندووقی سعودی بۆ گەشەپێدان، یەکێتیی ئەوروپا، قەرزی ئەمریکی و بەریتانی UKEF و ئەڵمانی و ئیتاڵی، GE، سندووقی کوێتی، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو قەرزانەش ئەرکی زیاتر دەخەنە سەر دارایی عێراق کە دەبێ لە داهاتوودا بەو رێژە زۆرە سوودەش کە دەکەوێتە سەریان، بۆ سەرچاوەکانیان بگەڕێنێتەوە. خاڵی لاوازی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە وەرگرتنی قەرزەکان بە ڕێژەیەکی کەم سوودمەندە بەڵام لە دانەوەیان بە ڕێژەیەکی بەرز بەشدارە.