چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌در ئاماده‌بوونی سیاسییه‌كان له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆركردنی باوكی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در موقته‌دا سه‌در ئه‌مڕۆ له‌ڕێی وه‌زیره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی رای گه‌یاندووه‌، ئاماده‌بوونی سیاسییه‌كان له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆركردنی باوكی و براكه‌ی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، جیا له‌وانه‌ی به‌ خوێنیان واژوویان له‌سه‌ر ئه‌و نووسراوه‌ی “په‌یمان”یان بۆ كردووه‌.

پێگه‌ی “شه‌فه‌ق نیوز” ئه‌مڕۆ شه‌موو شه‌شی ئایار بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در، له‌ڕێی “وه‌زیره‌” تایبه‌ته‌كه‌ی ساڵح محه‌مه‌د عێراق رای گه‌یاندووه‌، له‌ كاتی ساڵوه‌گه‌ڕی 25 ساڵه‌ی تیرۆركردنی باوكی و براكه‌ی كه‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس تیرۆر كران، ئاماده‌بوونی سیاسییه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در له‌ڕێی لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی تیرۆركردنی “مه‌رجه‌ع” محه‌مه‌د محه‌مه‌د سادق و كوڕه‌كه‌ی، قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆ هیچ كه‌سێك له‌وێ ئاماده‌ بێت ئه‌گه‌ر به‌ خوێنی خۆی واژووی له‌سه‌ر “نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان” نه‌كردبێت.

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ كه‌ له‌ بۆنه‌كه‌دا دروشمه‌كان له‌ دژی به‌عسی سه‌دامی و وێنه‌ی سه‌رانی به‌عس به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ و له‌ناویاندا “په‌یكه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌” مه‌به‌ست لێی سه‌دام حوسێنه‌.

دواتریش سه‌در گوتوویه‌تی، ئاماده‌بوونی سیاسییه‌كان له‌ بۆنه‌كه‌دا قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت، جیا له‌ سیاسییه‌كانی ره‌وته‌كه‌ی خۆی كه‌ به‌ خوێنیان واژوویان له‌سه‌ر نووسراوی “نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمان” كردووه‌.