وا دیارە بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە ئێراق بگاتە ٤ملیۆن تۆن

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

وەزیری كشتوكاڵی ئێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەكات بەرهەمی گەنمی ساڵی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) بگاتە ٣ملیۆن و ٥٠٠هەزار تۆن، چونکە دەستەی دانەوێڵەی عێراق کار لەسەر بە مۆدێرنکردنی سایلۆکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە دەکات و بەنیازە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ سایلۆیەک بە توانای ٦٠هەزار تۆن لە پارێزگای دیوانیە لە باشووری ئێراق دروست بکات و دەشڵێت، بە گەیشتنمان بەو ئاستە لە ڕووی بەرهەمهێنانی گەنم دەگەینە ئاستی خۆبژێوی.

جووتیارانی ئێراق دەستیان بە دروێنەکردنی گەنم کردووە و لە هەفتەی ڕابردووشەوە دەست بە هەڵگرتنی گەنم لە سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی دەکەن، چونکە حکومەت بەرهەمی ناوخۆیی گەنم بە نزیکەی دوو هێندەی نرخی جیهان دەکڕێت بۆ ئەوەی هانی جووتیارانی ناوخۆیی بدات بۆ بەرهەمهێنان.
حەیدەر نوری کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند: “پار، بەرهەمی گەنم ٢ملیۆن و ٢٠٠هەزار تۆن بووە، لەکاتێکدا ئێراق ساڵانە پێویستی بە چوار ملیۆن و ٦٠٠هەزار تۆن هەیە و، بەرهەمی گەنمی ساڵی ڕابردوو ٤٠٪ـی پێویستی ناوخۆی دابین کرد؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بڕی بەرهەمهێنان زیاد بکات بۆ ٣ملیۆن و ٥٠٠هەزار تۆن.”
حەیدەر نوری ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لەو بارانە زۆرەی کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا باریوە کە هاندەرێکی باشە بۆ جووتیاران بۆ چاندنی بڕێکی زۆری گەنم هاوکات حکومەتیش پاڵپشتی جووتیاران دەکات و هاندەرێکی باشیان دەبێت بەوەی گەنمی خۆماڵی بەبڕی ٨٥٠هەزار دینار دەکڕێت بۆ هەر تۆنێک، لە کاتێکدا کڕینی گەنمی ئوسترالی ئێستا ٦٥٠ هەزارە بۆ هەر تۆنێک، بۆیە ئەم پاڵپشتییەی حکومەت هانی جووتیاران دەدا بۆ زیادکردنی ناوچە چێنراوەکانی گەنم.
حکومەتی ئێراق پرۆگرامێکی پاڵپشتی خۆراکی بەڕێوە دەبات کە ساڵانە ٤ملیۆن و ٦٠٠هەزار تۆن گەنم لەخۆ دەگرێت.
ساڵی ڕابردوو ئێراق ١ملیۆن تۆن گەنمی کڕیوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بەرهەمهێنانی گەنمی ناوخۆ کە پێویستی هاوڵاتیان بەتەواوی پڕ ناکاتەوە، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە باران و لێشاوی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی ئێراق گەنمی لە ئەمریکا و ئوسترالیا و کەنەدا کڕیوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەمساڵ هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان لە جووتیاران وەردەگیرێت و ئاماژەشی بەوە کرد کە زۆرینەی گەنمی جووتیاران بە ژمارەیەک وەردەگیرێت بۆیە داوا لە جووتیاران دەکەین لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن و گەنمەکانیان بهێننە سایلۆکان”.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بڕیاریان داوە بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ لە ١ی مانگی نیسان دەست بە وەرگرتنی بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەبەر درەنگ پێگەیشتنی لە ١ی مانگی ئایار گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت.
ساڵانە لە ئێراق نزیکەی شەش جۆر گەنم بەرهەم دەهێنرێت کە هەمویان باشن، بەڵام کوالێتیەکەی نەختینەیی کەمە، بۆیە ئێراق پەنا دەباتە بەر هاوردەکردنی گەنمی جۆری دوو لە سێ سەرچاوەی نێودەوڵەتی، کە ئوسترالیا و کەنەدا و ئەمریکایە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەنمی ناوخۆیی تێکەڵ بکرێت و گەنمێکی لێ بەرهەم بهێندرێت کە پێکهاتەیەکی باشی هەبێت.
بە پێی زانیارییەکان، چاوەڕوانیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ دەگاتە ٤ملیۆن تۆن، بۆیە ئێراق پێویستی تەنها بە ٦٠٠ هەزار تۆنی دیکە دەبێت کە لە دەرەوە هاوردەی بکات، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ و، بڕی بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر ٨٥٪ ی پێداویستییەکان دابین دەکات.”