مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣پەسەند دەکات

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرد، داوا دەکرێت پڕۆژەکە بەخێرایی تەواو بکرێت و تێپەڕێنرێت، پەرلەمانتارانیش دەڵێن: مانگی ئایار، تەواوی ماددەکانی پڕۆژەکە پەسەند دەکرێن.

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەستی بە کۆبوونەوەی بەردەوام کردووە بۆ تاوتوێکردن و ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی سێیەم. پەرلەمانی عێراق لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٣ خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد، کە ھەنگاوی بەر لە دەنگدان و پەسەندکردنییەتی لە پەرلەمان، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە سە ونەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە، کە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە.
لە ڕەشنووسەکەدا، نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی ھەناردەکراویش لە نەوت لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن و پێنج سەد ملیۆن بەرمیل دەبێت، کە چوار سەد ھەزار بەرمیلی لە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی بەڵێنی داوە، وەزیرانی دارایی و پلاندانان بەردەوام لەگەڵ لیژنەی دارایی بن، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر باش دەبێت بۆ کاری لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارەکانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بکات و بخرێتە دەنگدانەوە.
ھەندێک ژمارەکانی ناو بودجە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، بەو پێیەی بڕی یەک تریلیۆن شەش سەد ملیارد دینار بۆ تەواوکردنی بەندەری فاو تەرخانکراوە، ھاوکات بڕی دە ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی و چواردە ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەرخانکراون، لەکاتێکدا بودجەی حەشدی شەعبی سێ تریلۆن و حەو سەد ملیارد دینارە، بودجەی وەزارەتی پەروەردەش زیاتر لە یازدە ترلیۆن دینار دەبێت.
دوایی چەندین کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان ھەردوو شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و چەند پرسێکی تری ھەڵواسراو لەنێوان ھەردوولادا، ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا. کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، کە لەم ڕێککەوتنەدا دەستوور کراوەتە بنەما و دۆسیەی نەوت بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبردرێت، بۆ لەمەودوا ھیچ لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر ھەرێمدا بسەپێنێت، کە ھەرێم پێشتریش ئەمەی قبووڵ نەبووە.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵی ئیمزا کرا.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: گۆڕان لە بەشێک لە داتا و ژمارەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھاوکاریی و ھەماھەنگیەکی زۆر ھەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە، بۆیە پەرلەمان لە مانگی پێنج پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ پەسەند دەکات و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.