پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند دەکرێت

پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کە بۆ ماوەی سێ ساڵە، خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و پەسەند بکرێت. چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لەناو بودجە جێگەیان بۆ کراوەتەوە کە دەتوانێت ژێرخان و ئابووری وڵات بەتەواوی ببووژێنێتەوە.

مانگی ئاداری ڕابردوو، حکوومەتی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد، کە قەبارەکەی بریتییە لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینار، زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە، بودجەکە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەبێت، بودجەی پەرەپێدانی ھەرێم و پارێزگاکان دوو ترلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارە.
بەپێی ڕەشنووسەکە، ھەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی عێراق سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیلە، چوار سەد ھەزار بەرمیلی نەوتی ھەرێمی کوردستانە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێنداوە، بەھای دۆلاریش بە ١٣٠٠ دینار دانراوە.
داھاتەکان سەت و سی و چوار ترلیۆن و پێنج سەد و پەنجا و دوو ملیار دینارە، پشکی شێری خەرجییەکان بۆ خەرجی بەکاربردن چووە، بەشێوەیەک مووچەی مووچەخۆران و کڕینی شمەک و کاڵا و چاککردنەوە و چەندین بابەتی دیکە ڕێژەی ٧٥٪ـی کۆی خەرجیی بەکاربردن پێکدەھێنێت، واتە لە کۆی ١٩٩ ترلیۆنی خەرجی، ١٤٩ ترلیۆن دینار خەرجی بەکاربردنە، لە کاتێکدا خەرجی وەبەرھێنان تەنیا چل و نۆ ترلیۆن و چوار سەد و شێست و دوو ملیار دینارە.
ماددەکانی ١٣ـی و ١٤ـی ڕەشنووسەکە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕەشنووسی بودجەی عێراق، بیست و سێ ترلیۆن و ھەشت سەد و ھەشتا و دوو ملیار دینار دەبێت، دوای دەرھێنانی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادی، تەنیا شازدە ترلیۆن و شەش سەد و نۆ ملیار دینار دەمێنێتەوە.
حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣، یەک گوژمەی چوار سەد ملیار دیناری بە قەرز بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، ھەر چەندە لە ١٨ی نیسان بڕیاری ناردنی چوار سەد ملیار دیناری دیکەی داوە، بەڵام تائێستە پارەکە نەچووەتە سەر ھەژماری وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیراوە، کە ڕۆژانە سێ سەد و حەفتا و ھەشت ھەزار بەرمیل نەوت بوو، ھەرچەندە لە ٤ـی نیسانەوە ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان ڕێکەوتنێکیان مۆر کرد بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمەوە، بەڵام ھێشتا ھەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە، دەبێت حکوومەتی فیدراڵی بە ئەندازەی مانگێک قەرەبووی پشکی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە، کە بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەکاتە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەندێک بابەتی تەکنیکی و دارایی ماون، ئەو بابەتانەش خەریکە چارە دەکرێن و ناگاتە ھەفتەی داھاتوو نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش جددیە لە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان .
شێروانی، گوتیشی: زیانی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە، ئەگەر مانگی پێنج، پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، نەوتی ھەرێمی کوردستان بفرۆشرێت یان نا، ھەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی وەردەگرێت و لەو بابەتەدا داھاتی گشتیی عێراق کەمبووەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: پرسی پەسەندکردنی بودجە پەیوەندی بە تێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، کە تا چەند دەتوانرێ لە لیژنەی دارایی، کە تەنیا ئەو لیژنە پەیوەستە بە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکە، بێ گومان چەند گرفتی کەمتر بێت زووتر پەسەند دەکرێت، پەرلەمان دەیەوێت ھەرچی زووە بودجە پەسەند بکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار بودجە پەسەند بکرێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: گرێبەستە نەوتییە هەنووکەییەکانی ھەرێمی کوردستان، جێگیرکراون، لەگەڵ جێگیرکردنی کرێی گواستنەوەی نەوت، بابەتی پێشمەرگە دیاریکراوە، سندووقێکی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دانراوە، جگە لەوەی سەرجەم خەرجییەکانی بەکاربردن و خەرجییەکانی وەبەرھێنان دانراوە، تەنھا لەبارەی قەرزەکانەوە ئێمە تێبینیمان ھەیە.