picodi: تاکێکی ئاسایی عێراقی بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنێک دۆلار پێویستی بە 154 ساڵە

شرۆڤەکارانی پلاتفۆرمی دارایی “پیکۆدی”، توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ خەمڵاندنی ئەو ماوەیەی هەر تاکێکی ئاسایی بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنێک دۆلار لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا پێویستی پێیەتی.

شرۆڤەکارانی پلاتفۆرمەکە پۆلێنکردنەکەیان بە پشتبەستن بە تێکڕای مووچەی مانگانە لە هەر وڵاتێکدا ئەنجامداوە، عێراقیش لە پلەی 45ـەمیندایە لەنێو وڵاتانی جیهاندا، بەو پێیەی تاکێکی ئاسایی عێراقی پێویستی بە 154 ساڵ و مانگێک کارکردن هەیە بۆ ئەوەی تەنها یەک ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.

ئەو پۆلێنکردنە 102 وڵاتی لەخۆگرتبوو، رووسیا پلەی 60ـەمینی ئەم پۆلێنبەندییەی بەدەستهێناوە، کە بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنێک دۆلار هەر تاکێکی ئاسایی لە رووسیا پێویستی بە 136 ساڵ و 10 مانگ کارکردن هەیە.

سەبارەت بە وڵاتانی کەنداو لە پۆلێنبەندییەکەدا، بەمشێوەیەیە:

1. قەتەر، 21 ساڵ و سێ مانگ

2. ئیمارات، 23 ساڵ و نۆ مانگ

3. عوممان، 38 ساڵ و سەش مانگ

4 کوێت، 41 ساڵ و دوو مانگ

5. سعوودیە، 41 ساڵ و دوو مانگ

سویسراش پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەوەی بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی توێژینەوەکە، کەسێکی ئاسایی لە سویسرا تەنیا پێویستی بە 14 ساڵ و سێ مانگ کارکردنە بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنێک دۆلار.

پیکۆدی پلاتفۆرمێکی زیرەکی بازاڕکردنە کە بۆ یارمەتیدانی کڕیاران لە سەرانسەری جیهان دروستکراوە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە بە شێوەی ئۆنلاین.