پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەخرێتە دەنگدان

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی کۆتایی بە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023,2024,2025 هێنا، بڕیارە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و پارێزگاری بانکی ناوەندی و کەسانی پەیوەندیدار پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدان.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، کۆتایی بە خوێندنەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی هاتووە و لە ماوەکانی داهاتوودا وەزیرەکان و پارێزگاری بانکی ناوەندی و کەسانی پەیوەندیدار بۆ گفتوگۆکردن لەسەری لە پەرلەمان میوانداری دەکرێن.

هاوکات، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزیرەکان و پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمان هەماهەنگی بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی راوبۆچوونەکانیان سەبارەت بە بودجە.

پەرلەمانی عێراق لە 4/4/2023، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کرد و 16ی ئەم مانگەش خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاساکە کرد، بڕیاریشە پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە، ژمارەیەک وەزیر لە وەزارەتە جیاوازەکانەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکە، لە پەرلەمان میوانداری بکرێن.