ئەم هاوینەش قەیرانی کارەبا بەرۆکی عێراق دەگرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەمیی کارەبا یەکێکە لە قەیرانە بەردەوامەکانی عێراق، هەموو ساڵێک بە تایبەتی لە هاویندا بەرۆکی دەگرێت. قەیرانێک، کە لە ساڵانی ڕابردوودا قەیرانی تری کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت ئەمنیی بەدواوە بووە . ئامارەکان دەری دەخەن کە ئەمساڵیش لە عێراق هەمان قەیران ڕوو دەدات.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند، تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق ئێستا ١٦٠٠٠ مێگاواتە لە سەعاتێکدا و ئەو بڕەی بەرهەم دێت ناتوانێ نیوەی پێداویستییەکانی عێراق بە کارەبا لە مانگی هاویندا پڕ بکاتەوە.
ئەو ئاماژەی داوە کە ئامانجیان ئەوەیە بۆ هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ٢٤٠٠٠ مێگاوات لە هەر سەعاتێکدا بەرز بکەنەوە، بەڵام کێشە لەوەدایە بودجەی پڕۆژەکان لە کاتی خۆیاندا دابین نەکراون و بۆیەش ئەو چاوەڕوانییەی لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی پێوەندیدار بە کارەبا هەیانە، لە کاتی خۆیاندا تەواو نابن و ئەمەش داواجار دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هاوینی داهاتوودا.
بەگوتەی وەزیری کارەبا عێراق، بۆ ئەوەی بتوانێت ٢٤ سەعات کارەبا دابین بکات ئەوا پێویستی بەوە هەیە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ٣٤٠٠٠ مێگاوات لە سەعاتێکدا بەرز بکاتەوە.
کۆمەڵێک هۆ کاریگەرییان هەبووە لەوەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەتوانن پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە کارەبا لە کاتی خۆیاندا جێبەجێ بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا وزەی کارەبایان پێ دابین نەکرێت. یەکەم هۆ، گەندەڵیی دامەزراوەکانی حکوومەتە و ساڵانە بە ملیاران دۆلار لە داهات و سامانی وڵات بەهۆی گەندەڵییەوە نامێنێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکانی کارەبا ئەوا دەستەوەستان دەمێننەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە سەدان ملیار دۆلار خەرج کراوە بەڵام دیار نییە ئەو هەمووە بودجەیە بە چی دراوە؟! خۆ جگە لە کارەبا، کەرتەکانی تری وەک شەقام و ڕێگەوبان و گواستنەوەش هەر بە کۆنیی ماونەتەوە و سیمای شارەکانی عێراق بەو شێوەیە نەگۆڕدراوە شایانی باس بێت.
هۆکارێکی تری پەرەنەسەندی پڕۆژەکانی کارەبا وەک پێویست، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق دوو ساڵە بودجەی نییە و دیاریش نییە کەی بودجەی نوێ پەسند دەکرێ، چوار مانگ لە ساڵی نوێ تێپەڕیوە هێشتا نەتوانراوە بودجە پەسند بکرێ و بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان چاوەڕوانی پەسندکردنی بودجە دەکەن.
کەرتی کارەبا یەکێک لەو کەرتانەیە کە ساڵانە دەبێ پەرە بە بەرهەمهێنانەکەی بدرێ، چونکە بەکاربردنی کارەبا بەهۆی گەشەی شارەکان و گەشەی کارگەکانی پیشەسازی پەرە دەستێنێت. ئەگەر گریمانە بکرێ بۆ دوو ساڵی تریش عێراق بەرهەمهێنان بگەیەنێتە ٢٤٠٠٠ مێگاوات ئەوا هێشتا بۆ ئەمساڵ پێویستی بە ١٠٠٠٠ مێگاواتی تر و بۆ ساڵانی داهاتوو پێویستی بە کارەبای زیاتر هەیە تا بەرهەمی بێنێت.
عێراق هێشتا بەشێک لە بەرهەمی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و لە بەشی زۆری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباشی پشت بە گازی هاوردە دەبەستن. ساڵانە بە ملیاران دۆلار بۆ کڕینی ئەو دوو بەرهەمە بۆ دەرەوە دەڕوات لە کاتێکدا هەر ئەو پارانە دەیانتوانی عێراق لە کارەبا و گازی دەرەکی بێنیاز بکەن.
ئەگەر حکوومەتی عێراق بە جیددی بیر لە دابینکردنی کارەبا و ڕێگریی لەو قەیرانە نەکاتەوە، مەترسی ئەوە لە ئارادایە قەیرانەکە بکرێتە بیانوو بۆ سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و ئاڵۆزیی نوێ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.