هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەرلەمانی عێراق درێژە بە دانیشتنی تایبەت بە پرۆژەیاسای بوجە دەدات

پەرلەمانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوجەی بەکراوەی هێشتەوە و ئەمڕۆ درێژە بە دانیشتنەکە دەدات.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی، 2023،2024،2025 بەکراوەی هێڵدراوەتەوە و ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆ بۆ شەشی ئێوارە دەستپێدەکاتەوە، دواتر بەهۆی پشووی بەربانگەوە دەوەستێت، پاش پشووی بەربانگیش دانیشتنەکە درێژەی دەبێت.

شەوی رابردوو پاش چەند جارێک لە دواخستن بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی پێوسیت لە پەرلەمانتاران،  کاتژمێر 12 بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجامدرا. دانیشتنەکەش بە خوێندنەوەی راپۆرتێک لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەستیپێکرد.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

دوای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: “لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت”.

باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.