سلێمان تاشان – ههولێر
ناوەندێکی گرنگی ئابووری و سیاسیی عێراق، ئاشکرای کرد بە ئەگەرێکی زۆر سپیکردنەوەی پارە لە ساڵانی ڕابردوو زۆرترین کاریگەری بۆ سەر بەرزکردنەوەی نرخی خانوو و زەوی لە بەغدا هەبووە و داوا دەکرێ بە وردی لە گرێبەستەکان بکۆڵرێتەوە و بەرپرسانی ئەو گەندەڵییە ئاشکرا بکرێن.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا نرخی زەوی و خانوو و شوێنی بازرگانی لە بەغدا، لە حاڵەتی ئاسایی دەرچووە و بەگوتەی وەسام حەلو، بەڕێوەبەری دامەزراوەکە، نرخەکان ڕکابەریی نرخی زەوی و خانوو لە دوبەی و لەندەن دەکەن و نرخی هەر مەترێکی چوارگۆشە گەیشتووەتە سەرووی ١٢٠٠٠ دۆلار.
گومان لەوە دەکرێ گرانبوونی نرخی زەوی و خانوو پەیوەندی بە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەوە هەبووبێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕوودانی گەورەترین گەندەڵیی لە ئاستی عێراق هەر لەو ماوەیەدا، کە بە دزیی سەدە ناوی دەرکرد. وا پێدەچێت بەشێکی زۆر لەو پارە دزراوانە بۆ کڕینی خانوو و موڵک و زەوی بەکار هێنرابێت و گەندەڵکاران لەو ڕێگەوە هەوڵیان دابێت بە بێ هیچ سەرئێشەیەک ئەو پارەی لەڕێی گەندەڵیی و دزی بەدەستیان هێناوە، خەرجی بکەن و گەندەڵییەکە سەرپۆش بکەن.
دزینی ملیاران دۆلار لە داهاتی عێراق شتێک نییە بە ئاسانی کەسی گەندەڵکار بتوانێت خۆی لێی دەرباز بکات و ئەو بڕە پارە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە، چونکە لە لایەک سیستمی جیهانیی گواستنەوەی سەرمایە ڕێگە بەوە نادات و لە لایەکی ترەوە ئەگەر بەشێک لەو پارانە بۆ دەرەوەی وڵات گواسترابنەوە، ئەوا بەشێکی تری لە ناوخۆ خەرج کراون.
دامەزراوەکە داوای لە هەر یەک لە فەرمانگەی ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕکردنی گەندەڵیی و بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بە وردی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی ئەو پارانە بکەن کە لەکاتی گرێبەست و کڕینی موڵک و زەوی و خانووەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر گواستراونەتەوە.
تەنانەت داوا کراوە حکوومەتی عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لەو گەندەڵییە گەورەیە پشت بە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری یاسایی نێودەوڵەتی ببەستێت و هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی کڕین بکات. هەروەها داوا کراوە سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا موڵکێکی زۆریان کڕیوە، داوای بەڵگەنامەی پێویست و سەرچاوە داراییەکانیان لێ بکرێت و پرسیاری ئەوەیان لێ بکرێ ئەو پارە زۆرەیان، لە کوێ دەستەبەر کردووە تا بتوانن ئەو هەمووە زەوی و موڵک و خانووەی پێ بکڕن.
سپیکردنەوەی پارە یەکێک لەو رێگا نایاساییە باوانەیە کە لە پڕۆسەی بازرگانی و گواستنەوەی دراودا سوودی لێ وەردەگیرێت، هەندێک جار ڕێکاری نوێ بۆ سپیکردنەوەی پارە دەدۆزرێتەوە و ئەمەش بەردەوام خەم و کێشەی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی چ لە ئاستی وڵاتان و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووە.
جگە لەمە بەرزبوونەوەی لە پڕی نرخی خانوو و زەوی لە ماوەیەکی کورتدا کە تەنانەت بەغدا بە دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و تەناهیدا تێپەڕیوە شتێکی ئاسایی نییە. داخوازیی زۆر لەسەر هەر کاڵایەکیش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکە و پێدەچێت ئەو بڕە پارەیەی کە لەو سێ سالەدا بۆ کڕینی موڵک و خانوو لە بەغدا بەکار هێنرابێت، زۆر بووبێت.
لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستان نرخی خانوو و زەوی لەپڕ نرخێکی زۆری هاتە سەر و هەندێک ساڵ بۆ دوو هێندە لە هەڵکشاندا بوو. ئەگەر سەرنجی ئەوکاتی کوردستان بدرێت، ئەو دۆخە پێوەندی بەوە هەبوو سەرمایەکی زۆر ڕژایە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵک بە یەکەوە پارەیەکی زۆریان دەستکەوت و زۆربەی خەڵکیش لە کەرتی زەوی و خانووبەرە وەبەرهێنانیان کرد بۆیە کاریگەری لە گرانبوونی نرخەکان هەبوو؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ کە دۆخێکی نالەبار هاتە پێشەوە لە نرخەکانیان دابەزی. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تایبەتمەندییە، گرانبوونەکە لە بەغدا ئاسایی نییە چونکە لەو ماوەیەدا ئەوەندەی قەیران و تەنگژە و ڕووداوی نەخوازراو هەبوون کە دەبوایە نرخەکان نزم بکەنەوە، ئەوەندە ڕووداوی باش نەبووە ببنە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان.