درەنگانێکی شەوی رابردوو، پەرلەمانی عێراق کۆتایی بە خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە هێنا.
لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراقدا کە بەسەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامدرا، پەرلەمانتاران و لیژنەکان بڕگەی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خستەڕوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “کۆمەڵێک پەرلەمانتار مداخەلەیان کرد بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە نەڕوات، بەڵام لە کۆتاییدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەکە کرا، هیوادارم بەمنزیکانە خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەری بکرێت و کۆتایی پێ بێت وەک وەفایەکی بچووک بەرامبەر قوربانیانی ئەو شارە”.
دەشڵێت: “جەنابی سەرۆک بارزانی دوێنی و تایبەت بەو بابەتە ئاگاداری کردم، کە نابێت رێگە بدرێت ئەو هەوڵانەی هەیە بۆ هەڵگرتنی پڕۆژەیاساکە سەر بگرێت و دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت وەک وەفایەک بەرامبەر قوربانیانی ئەو شارە، ئەمە لەکاتێکدا جەنابیان رێنمایی لەسەر هیچ بابەتێکی دیکەی ناو پەرلەمان نەداوە، چونکە بەلایەوە گرنگ نەبووە”.
لەو راگەیەندراوەدا شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشداوە: “جارێکی تر بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئەو هێزە سیاسییانە بێن و هاوکارمان بن لە قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە، کەچی هەوڵی بەربەست دەردرێت بۆ بە پارێزگا بوونی”.
دەقی راگەیەندراوی شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق:
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
دوای بەجێ گەیاندنی ئەو بەڵێنەی بە خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانمان دابوو کە لەکاتی هاتنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان لەم وەرزی یاسادانانە و لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەمان لە خشتەی کاری پەرلەمان دایبنێم، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆک و جێگری یەکەمی پەرلەمان قسەم کرد و رەزامەندیان دا کە داخلی خشتەی دانیشتنی ئەمشەو بکرێت.
بەڵام بەداخەوە ماوەی دوو رۆژەو بەبیانوی جۆراو جۆر هەوڵی لابردنی ئەو بڕگەی تایبەت بە هەڵەبجە درا لە خشتەی کاری پەرلەمان بەڵام رەزامەندیم نیشان نەدا.
ئەمڕۆ دیسان جارێکی تر و لەناو پەرلەمان سەرۆکی جلسە داوای کرد هەڵبگیرێت دیسان ئەوەم رەتکردەوە، جارێکی تر سەرۆکی پێنج فراکسیونی گەورەی پەرلەمان کە هەمیشە لەکاتی یادکردنەوەی ئەو کارەساتە گوتاریان بۆ خەڵکی هەڵەبجە هەیە و هاوخەمیان بۆ دەردەبرن هاتن داوایان کرد ئەو برگەیە هەڵبگیرێت دیسان رەتمکردەوە، هەر لەناو جەلسەکە و بە نوسراویان ژمارە ٤٦ ئیمزای ٥٥ پەنجاو پێنج پەرلەمانتاریان هێنا بۆ ئەوەی ئەو بڕگەی تایبەتە بە هەڵەبجە هەڵبگیرێت، بەڵام ئەوەشم رەتکردەوە، بەداخەوە کار گەیشتە ئەوەی فشاریان لە سەرۆکی دانیشتنی پەرلەمان کرد و ناچاریان کرد دانیشتنە بەجێ بهێلێت و بچێتە دەرەوە و کورسی سەرۆکایەتی چۆڵ بکات، بەڵام بڕیارم دا بچم سەرۆکایەتی دانیشتنی پەرلەمان بکەم و شەڕەفی ئەوەم بەرکەوێت ئەو برگە تێبپەرێنین و داوام لە لیژنەی پەیوەندیدار کرد پرۆژەکە بخوێننەوە، دیسان کۆمەڵێک پەرلەمانتار مداخەلەیان کرد بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە نەڕوات بەڵام لە کۆتاییدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکە کراو هیوادارم بەم نزیکانە خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەری بکرێت و کۆتایی پێ بێت وەک وەفایەکی بچوک بەرامبەر قوربانیانی ئەو شارە.
لێرەوە دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم جەنابی سەرۆک بارزانی دوێنی و تایبەت بەو بابەتە ئاگاداری کردم کەنابێت رێگە بدرێت ئەو هەوڵانەی هەیە بۆ هەڵگرتنی پرۆژە یاساکە سەر بگرێت و دەبیت خوێندنەوەی بۆ بکرێت وەک وەفایەک بەرامبەر قوربانیانی ئەو شارە، ئەمە لەکاتێکدا جەنابیان رێنمایی لەسەر هیچ بابەتێکی دیکەی ناو پەرلەمان نەداوە چونکە بەلایەوە گرنگ نەبووە.
جارێکی تر بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئەو هێزە سیاسییانە بێن و هاوکارمان بن لە قەرەبوکردنەوەی خەڵکەکەی کەچی هەوڵی بەربەست دەردرێت بۆ بەپارێزگا بوونی.