داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی ئادار 7.4 ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە لە مانگی ئاداری رابردوودا، 100 ملیۆن و 913 ھەزار و 27 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و کۆی گشتیی داھاتەکەشی گەیشتووەتە، سەرووی حەوت ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی ئادار، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی ئادار بڵاوکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە مانگی ئاداردا، 100 ملیۆن و 913 ھەزار و 27 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار.

باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی ئاداردا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 98 ملیۆن و 875 ھەزار و 692 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن 727 ھەزار و 393 بەرمیل.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ئاداردا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 73 دۆلار و 37 سەنت فرۆشراوە.