رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری له‌ عێراق به‌رزبووەتەوە

رەوشی ژیان و بێكاری و ھەژاری لە عێراق تا دێت ئامارەكانی بەرز دەبنەوە، بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانان رێژەی ھەژاری بەرزبووەتەوە بۆ لە %21 و لە ھەندێك پارێزگای عێراقیش رێژەكە بەرزترە و نزیكەی ھەشت ملیۆن ھاووڵاتی عێراقی رووبەڕووی برسیەتی بوونەتەوە، ھیچ ھەوڵێكیش لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نییە بۆ كەمكردنەوەی ھەژاری.

ئامارەکانی وەزارەتی پلاندان دەری دەخات بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری زەنگێکی دیکەی مەترسیدارە بۆ عێراق، بەجۆرێک رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لە %21 بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو رێژەکە لە %1 زیادیکردووە. ئەمەش بووەتە ھۆكاری قەیرانێكی دژوار لە عێراق و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، خەڵكی زیاتر رووبەڕووی برسییەتی دەبنەوە.

عەبدولزەهرە هەنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: ” نزیکەی %21 تا %22 رێژەی هەژاری لە ساڵی 2022 تۆمار کراوە، بەراورد بە ساڵی 2019 و دوو ساڵی رابردوو رێژەکە بەرزبووەتەوە کە رێژەکە %20 بوو، هۆکاری بەرزبوونەوەکەش لە ساڵی 2020 و 2021 بۆ بارودۆخی ئابووری عێراق و نەخۆشی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە”.

لەکۆی 42 ملیۆن دانیشتووانی عێراق هەشت ملیۆن كەس لەسەر هێڵی هەژاری دەژین، پارێزگای موسەنا لە باشووری رۆژئاوای عێراق بە رێژەی %52 لە پێشەنگی هەژارترین پارێزگاکاندایە، لە دوای ئەویش پارێزگای دیوانیە و زیقار دێت بە رێژەی 49%.