سوودانی به‌ره‌و توركیا به‌رێكه‌وت

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵا، بەرەو توركیا بەڕێکەوت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای حكومه‌ت به‌ره‌و توركیا به‌رێكه‌وت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌، سوودانی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا ئاشكرا كرد و به‌ڵێنیدا پێداویستی هاووڵاتیان به‌دیبهێنێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌وتارێكدا پێش سه‌ردانه‌كه‌ی توركیا رایگه‌یاند، سه‌ردانیكردنی توركیا له‌م كاته‌دا گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشهاتانه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روو ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها له‌ رووی به‌هێزكردنی هاوكاری نێوان وڵاتان و پێشخستنی ئابووری چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له‌ رێی گفتوگۆوه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان.

سوودانی، گوتیشی: له‌ گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركیا، سه‌رنج ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا له‌ هه‌موو كه‌رته‌ جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌ت لایه‌نی ئابووری و جێبه‌جێ كردنی پرۆژه‌ی ‌كه‌رتی وزه‌ و گواستنه‌وه‌، هه‌روه‌ها عێراق ببێته‌ ناوه‌ندێكی بازرگانی له ‌نێوان ئاسیا و ئه‌وروپا، له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری فاو، هه‌روه‌ها راكێشانی گه‌شتیار.