سوودانی بۆ سعوودیه‌: به‌غدا كراوه‌یه‌ به‌ رووی ریاز له‌ هه‌موو كه‌رته‌ جیاوازه‌كان

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ وه‌زیری بازرگانی سعوودیه‌ كرد و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، به‌غدا كراوه‌یه‌ به‌ رووی ریاز، له‌ هه‌موو كه‌رته‌ جیاوازه‌كان و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كان.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، پێشوازی له‌ ماجد ئه‌لقه‌سبی، وه‌زیری بازرگانی سعوودیه‌ و شاندی یاوه‌ری كرد، له‌ دیداره‌كه‌دا پێداچوونه‌وه‌ به‌ هاوكارییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا كراوه‌، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان، له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی هه‌ردوو وڵاتدا.

سوودانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، كراوه‌یی به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سعوودیه‌، له كه‌رته‌ جیاوازه‌كان به ‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ لایه‌نی ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها هاوكاری له‌ بواری وزه‌ و رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌گانی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ماجد ئه‌لقه‌سه‌بی، وه‌زیری بازرگانی سعوودیه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌رده‌وامبوونی كار له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگی نێوان عێراق و سعوودیه‌، كه‌ هاوكاری هه‌ردوو وڵات له‌بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و گه‌شتیاری و ئه‌منی بواره‌كانی دیكه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.