هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سەرۆك وەزیرانی عێراق: شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له ‌وتارێكیدا، رایگه‌یاند: به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیرمان داناوه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق، شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی شه‌ڕێكی گه‌وره‌یه‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین، ده‌بێت هاوكاریمان بكه‌ن، بەبێ هاوکاری هەموو دامەزراوەکان سەرکەوتوو نابین.

محه‌ممه‌د سیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ “كۆنگره‌ی گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا”، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “هه‌روه‌كو ئێستا ده‌بینین و ده‌بیستین، كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوان هه‌یه‌، خه‌ڵك هه‌یه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌”.

سوودانی، گوتیشی: خۆتان ده‌زان كه‌ داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق و توانی ترس له‌سه‌ر ده‌رگاكانی به‌غدا دروست بكات، پاشان مه‌رجه‌ع سیستانی فه‌توای جه‌نگی دا و رۆڵه‌كانی عێراق توانیان خۆیان ببه‌خشن بۆ گه‌لی عێراق و به‌رگری له‌ خاكه‌كه‌یان بكه‌ن”.

هه‌رله‌ وتاره‌كه‌یدا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، “دوای داعش رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك بووینه‌وه‌ ئه‌ویش كێشه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، كه‌ پاره‌یه‌كی زۆری عێراق به‌هه‌ده‌ر دراوه‌ و براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ساخته‌كاری كراوه‌ دامه‌زراوه‌كانی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ چاكسازی بكه‌ن، ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ هاته‌ سه‌رحكوم به‌رنامه‌یه‌كی گشتیری داناوه‌، بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق، به‌رده‌وامیش ده‌بین له ‌به‌رنامه‌كه‌مان بۆ وه‌به‌رهێنان و له‌ هه‌موو سه‌روه‌ته‌ مرۆییی و وزه‌كانمان”.

له ‌به‌شێكی دیكه‌ قسه‌كانی دا ده‌ڵێت، گرنگترین با‌به‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئارامی سیاسی هه‌یه‌ له‌ عێراق، دوورین له‌ ململانێی سیاسی كه‌ ببێته‌ هۆی په‌كخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و دروستكردنی فیتنه‌ له‌ ناو رۆڵه‌كانمان، پشت به‌خوا ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شایه‌نی بێت بیكه‌ین ئه‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنین كه‌ شایه‌نی به‌ده‌ستهێنانی بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌‌وه‌ی عێراق بۆ سرووشتی خۆی و شارستانیه‌تی خۆی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، متمانه‌مان هه‌یه‌ به‌سه‌رچاوه‌كانی ئابووری و ده‌ستبه‌ر كردنی هه‌لی كار و رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، متانه‌مان هه‌یه‌ به ‌كه‌رتی ته‌ندروستی و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، پێم وایه‌ كه‌رتی تایبه‌ت رۆڵی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌و پێشچوونی عێراق، له‌ وه‌به‌رهێنانی ئابووری عێراقدا، هه‌روه‌ها له ‌سێ ساڵی داهاتوودا پرۆژه‌ی زۆر وردمان هه‌یه‌، بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی باڵه‌خانه‌، له‌ عێراق دا په‌ره‌پێبده‌ین”.

ده‌شڵێت: “من خۆم چاودێری پرۆژه‌كان ده‌كه‌م، هیچ هه‌ڵه‌ و كه‌مووكوریه‌ك قه‌بوڵ ناككه‌ین، له ‌كه‌س قه‌بوڵ ناكه‌ین پاره‌ی وڵات بۆ خۆی و حزبه‌ی به‌كار بهێنێت”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگه‌یاند، “شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی شه‌ڕێكی گه‌وره‌یه‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌و شه‌ڕه‌ بدۆرێین له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانی دیكه‌ ده‌دۆرێین سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت تا به ‌هاوكاری هه‌موو دامه‌زراوه‌كان نه‌بێت، ئامانجیشمان ته‌نها ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌یه‌ پاشان خه‌ڵكی عێراق، ده‌بێت بتوانین متمانه‌ی نێوان حكومه‌ت و خه‌ڵك بگه‌ڕێنینه‌وه‌، چونكه‌ به‌ڵێنی زۆر دراوه‌ و كاری كه‌م كراوه”.