سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت: گەندەڵی دارایی و ئیداری یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەربەستانە کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لە تیرۆر، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە برینەکان ساڕێژ بکەین و بەرەو داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ خەڵک هەنگاو بنێن.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە کە بەرنامەیەکی یەکگرتووی داناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە مەبەستی لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە رێگرن لە پێشوەچوونی وڵات.
سوودانی راشیگەیاند: “گەندەڵی دارایی و ئیداری یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەربەستانە کە مەترسی کەمتر نییە لە تیرۆر، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەر لە سەرەتاوە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ ئەوەی بە ئامانجیان بگرین.
محەممەد شیاع سوودانی، لە وتارێکیدا کە لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی: “ئەمڕۆژانە بیستەمین ساڵیادی رووخانی رژێمی دیکتاتۆری پێشووە، کە دەرئەنجامی دەیان ساڵەی چەوساندنەوە و ستەمکاری و خراپ بەڕێوەبردن بووە، هێرشکردنە سەر ناوەوە و دەرەوە، کاتی ئەوە هاتووە برینەکان ساڕێژ بکەین و بەرەو داهاتوویەکی خۆشگوزەران بۆ خەڵک هەنگاو بنێن”.
سوودانی دەشڵێت: “من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارمەتیدانی هەموو کەسانی خێرخواز و بە پەرۆش دەکەم لە دەزگاکانی وڵات و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لە پاڵ وڵات و دامودەزگاکانیدا بوەستن لەم رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئێمەش بڕیارمانداوە عێراق لە ناوخۆدا ئاوەدان بکەینەوە، هەروەها دیدێکی روون و نەخشە رێگایەکی کێشراو لەسەر بنەمای چەند قۆناغێک ئەنجام بدەین”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا روونیکردەوە: “قۆناغی یەکەممان بە کۆکردنەوەی وزەی دەوڵەت بەرەو بنیاتنانەوە و چاکسازیی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری دەستپێکرد، وەک ئەوەی لە بەرنامەی گشتگیری حکومەتماندا دامانناوە، قۆناغی دووەممان ئابوریی و مرۆڤایەتییە هەروەها پەرەپێدانی سەربازی و ئەمنی”.
سودانی، ئەوەشی خستووەتەڕوو: “عێراق ئەمڕۆ عێراقێکە لەگەڵ خۆی ئاشتبووەتەوە، ئاشتی لەگەڵ کەسانی تردا هەیە، نایەوێت زیان بە کەس بگەیەنێت، هەروەها رێگە بە هیچ کەسێک نادات هێرش بکاتە سەری”.
نووسیویەتی: “چاوەڕوانی کاری جددی وهاوکاری لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دۆست و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەددایە هاوبەشانەی رووبەڕووی هەسارەکە دەبێتەوە لە رووی ژینگە و کەشوهەوا، بیابانبوون، زیادبوونی زریانی خۆڵ، کەمیی ئاو، بەرزی پلەی گەرما، زیادبوونی پیسبوون و نەخۆشییەکان، زیادبوونی هەژاری و دابەزینی خزمەتگوزارییەکان، ئێمە ئاگاداری جددیەتی ئەم تەحەددایانەین، هەوڵدەدەین هاوبەشی و هاودەنگی لەنێوان وڵاتاندا دروست بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، عێراقیش باوەشی خۆی دەکاتەوە بۆ هەموو پەیوەندییەکی باش و هاوبەشییەکی ئاسایش و ئابووری یان ژینگە.
سوودانی لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: “گەشەسەندن تەنیا بە سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەکی بەدی دێت، سەقامگیری ناوخۆیی واتە سەروەری یاسا و هەروەها چەک بەدەست وڵاتەوە بێت، ئێمە قبووڵ ناکەین کە چەک لە دەرەوەی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی وڵات هەبێت، سەبارەت بە سەقامگیری دەرەکی، واتە بنیاتنانی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەو پێیەی شوێنی عێراق قورسایی ناوچەیی و زۆری سەرچاوەکان و کاریگەری لە ئابووری جیهانیدا توانای ئەوەی پێدەبەخشێت کە رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت هاوتا لەگەڵ قەبارەی راستەقینەی خۆیدا”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە: “پێویستە بەپەلە سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکەین و پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین وەک تاکە سەرچاوە بۆ خەرجییەکانی بودجە، هەروەها دەبێت کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی و بە چالاک بکەین، هەروەها پلانمان داڕشتووە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی و دەرگا بە رووی وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژەکاندا دەکاتەوە، لە چوارچێوەی پلانێکی دیراسەکراو و دەرفەتی هاندان دا.