پلاسخارت: عێراق به‌ده‌ست قه‌یرانی ئاوه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت


نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند: عێراق به‌ده‌ست قه‌یرانی ئاوه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت،و پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ین.

جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی راگه‌یاند، نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان به‌شێكه‌ له‌ كۆنفرانسی كه‌شوهه‌وا له ‌عێراق، هه‌روه‌ها هه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی ئاو له‌ عێراق پێویسته‌.

گوتیشی: له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته‌ به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئاو، چونكه‌ عێراق به‌تیا ناتوانێت ئه‌وكاره‌ بكات.

پلاسخارت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق پێویستی به‌ هاوكاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی دراوسێ هه‌یه‌ .

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانێت پێشكه‌شی بكات هاوبه‌شی گرنگه‌، كه‌ ته‌نیا داوای دیالۆگی ئه‌رێنی ده‌كات، هه‌روه‌ها پێشكه‌ش كردنی هاوكاری ته‌كنیكی و ده‌رباره‌ی دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق له ‌شاری به‌سره‌ ده‌ستیپێكرد، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ده‌ستی به‌كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ كرد و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژیش به‌رده‌وام ده‌بێت.