ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی نیشاندا، فه‌رمانگه‌ی یاسایی سكرتارییه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ده‌زگای شه‌هید ئاماده‌بكه‌ن، دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكرێت.

داواكراوه‌، له‌ پڕۆژه‌ یاسا نوێكه‌ی ده‌زگای شه‌هید، شه‌هیدان رێككاره‌كانی  یاسای لێپرسینە‌وە‌ و دادپە‌روە‌ری نه‌یانگرێته‌وه، هه‌روه‌ها ماڵباتی شه‌هیدانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ئه‌و یاسایه‌ نه‌یانگرێته‌وه‌.‌

هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا رێگه‌ی دا به‌ هاورده‌كردنی په‌ینی كشتوكاڵی (یۆریا و داب) له‌ ده‌روازه‌كانی ته‌ربیل، زرباتییه‌، ئوم قه‌سر و هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوودانی رایگه‌یاند، هه‌ر وه‌زیرێك فشار و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ربێت، “من لێره‌م”.

باسی له‌وه‌شكردبوو، ئه‌و كاته‌ی وه‌زیر له‌ په‌رله‌مان متمانه‌ی پێده‌به‌خشرێت، نابێت په‌یوه‌ندی به‌ هیچ هێزێكی سیاسییه‌وه‌ بمێنێت.

سوودانی دووپاتیشیكرده‌وه‌، هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی له‌ وه‌زیره‌كان نابینم، ده‌بێت وه‌زیر، به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی خه‌ڵك بكه‌ن.

له‌باره‌ی پرسی بێكاری و خزمه‌تگوزاری، سوودانی گوتی: “چاره‌سه‌ری بێكاری، هه‌ژاری، خزمه‌تگوزاری، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی ئابووری، له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی حكومه‌تی عێراقه‌”.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، ده‌بێت ته‌واوی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌ی خانه‌نشینان جێبه‌جێ بكرێن.