په‌رله‌مانتارێكی عێراق: له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق كه‌مته‌رخه‌می ئه‌منی هه‌یه‌، رۆژانه كوشتن و رفاندن رووده‌ده‌ن

په‌رله‌مانتارێكی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق كه‌مته‌رخه‌می ئه‌منی هه‌یه‌ و پاراستنی ئاسایشی خه‌ڵك له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و رۆژانه كوشتن و رفاندن و تیرۆركردن رووده‌دات، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش دووپاتیده‌كاته‌وه‌، دۆخی ئه‌منی وڵات له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندایه‌ و هێزه‌كانیان له‌و ناوچانه‌ی رووداوه‌كانی تێدا روویداوه‌ بڵاوه‌یپێكراوه‌.

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا نزیكه‌ی20 کەسی سڤیل له‌وانه‌، پزیشك، مامۆستا و سه‌رباز له‌ پارێزگاكانی دیاله‌، میسان، ئه‌نبار و بابل له‌لایه‌ن گروپه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون، ئه‌م زنجیره‌ تیرۆركردنه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ گوندێكی نزیك له‌ شارۆچكه‌ی خاڵس له‌ رۆژئاوای به‌عقوبه‌ 9 كه‌سی سڤیل كوژران، به‌هۆیه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی سیاسی به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌رووداوه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه ‌و په‌رله‌مانی عێراقیش لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی دیاله‌ پێكهێنا.

ره‌عد ده‌هله‌كی په‌رله‌مانتاری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی له‌چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌ و پاراستنی ئاسایش له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و كوشتن و رفاندن و تیرۆركردن سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌.

ده‌هله‌كی ده‌شڵێت، له‌ په‌رله‌مان كار بۆ بانگهێشتكردنی وه‌زیری ناوخۆ و به‌رگری و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كان و مه‌ترسییه‌كانی به‌رده‌م دۆسێی ئه‌منی تاووتوێ بكه‌ین، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه .

له‌به‌رامبه‌ردا لیوا خالید مه‌حنا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دووپاتیده‌كاته‌وه‌، دۆخی ئه‌منی له‌ته‌واوی وڵات له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندایه‌ و هێزه‌كانیان له‌و ناوچانه‌ی رووداوه‌كانی تێدا روویداوه‌ بڵاوه‌ی پێكراوه‌.

 مه‌حنا ره‌تیده‌كاته‌وه‌، هیچ جۆره‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی ئه‌منی روویدابێت و ده‌ڵێت، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانیان به‌شوێن ئه‌وانه‌وه‌ن كه‌ له‌یاسا ده‌رچوون و پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كان به‌رده‌وامن.

چاودێرانی سیاسی رایده‌گه‌یه‌نن، ته‌نیا له‌ ‌مانگی شوباتدا ژماره‌ی كوشتن له‌وڵاتدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، به‌جۆرێك له‌ سێ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ پارێزگاكانی، دیاله‌، ئه‌نبار و بابل لە كوشتن و تیرۆر و تاوانی عه‌شایه‌ری بوونه‌ و داوا له‌ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن پێداچوونه‌وه‌ خێرا به‌ پلانی هه‌واڵگری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان ئه‌نجام بده‌ن.