سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە عێراق کۆشکێک دۆزرایەوە تەمەنەکەی ٤٥٠٠ ساڵە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

شوێنەوارناسانی بەریتانی و ئەمەریکی دوای گەڕان و پشکنین، توانیان کۆشکێکی پاشایەتی و پەرستگەیەک بدۆزنەوە کە تەمەنی ٤٥٠٠ ساڵە و بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە.

ئەو پڕۆژەیە کە شوێنەوارناسەکان کاری تێدا دەکەن، بە پڕۆژەی گیرسو ناسراوە و لە میانەی گەڕان بە دوای شوێنەوار لە سنووری پارێزگەی زیقار، ئەو کۆشکەیان دۆزییەوە.
دکتۆر سباستیان ڕی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتوویەتی: ئەوەی دۆزیوەتیانەوە دەستکەوتێکی گەورەیە و بە کلیلی سندووقی ئەو زانیارییانە دادەنرێت کە مرۆڤ لەبارەی شارستانییەتەکان بەدوایدا دەگەڕێت.
کۆشکی پاشاکان و شاری مێژوویی و سۆمەریی گیرسو، کەوتووەتە باشووری جوگرافیای ئێستای عێراق. ئەوکات هەموو ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی سۆمەرییەکاندا بووە و شوێنەوارناسان پێشتر لە شاری مێژوویی گیرسو ٢٠٠ پارچەی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە کە بە خەتی بزماری نووسراون.
گیرسو، یەکێکە لە یەکەم شارە ناسراوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە لە لایەن سۆمەرییەکان بنیات نراوە. سۆمەرییەکان لە نێوان ساڵانی ٣٥٠٠ تا ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین، بۆ یەکەم جار خەتی نووسینیان داهێنا و یەکەم شاریان بنیات نا و تەنانەت یەکەم یاسای پێوەندیدار بە مرۆڤیان نووسیەوە. شارەکە بۆ یەکەم جار ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر دۆزرایەوە هەر چەندە لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک پارچەی شوێنەواری بە تاڵان براوە و بەشێکی لەناو چووە.
دۆزینەوەی کۆشکی پاشایەتی دەستکەوتێکی نوێیە و دەرەنجامی هەشت ساڵ کارکردنی شوێنەوارناسانی مۆزەخانەی بەریتانیا و مۆزەخانەی گیتی لۆس ئەنجلێسی ئەمەریکایە.
لەگەڵ دۆزینەوەی کۆشکەکە، کۆمەڵێک نووسراو و پەرستگەی سەرەکیی نینجیرسو Ningirsu کە خوای سۆمەرییەکان بووە، دۆزرایەوە.
پێویستە بگوترێ سۆمەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و نزیک هەر دو ڕووباری دیجلە و فورات نیشتەجێ بوون و داهێنانی گەورەیان هەبووە و ئەوان بۆ یەکەم جار خەت و کاتژمێریان داهێنا.
هارتویگ فیشەر، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی بەریتانیا گوتوویەتی ئەوەی دۆزراوەتەوە زۆر سەرنجڕاکێشە و دەرەنجامی پێکەوەکارکردن بووە و لەمەودوا زانیاری زیاتریان لەبارەی سۆمەرییەکان دەست دەکەوێت. شارستانەتیی سۆمەری بە ئەندازەی شارستانەتیی میسری و یۆنانی نەناسراون، بەڵام بەگوتەی دکتۆر تیمۆتی پاتس بەڕێوەبەری مۆزەخانەی گیتی ئەمەریکا، ئەوەی دۆزیوەتیانەوە گرنگترین شوێنە لەسەر زەوی کە جیهان کەمترین زانیاری لەبارەی هەیە.
سۆمەرییەکان بە یەکەم شارستانیی دادەنرێن و لەو ماوەیەی کە دەسەڵاتیان هەبووە ١٢ دەوڵەتەشاریان بنیات ناوە. ئەوان لە باری هۆنراوە و سروودی ئایینی پێشکەوتوو بوون و بۆ یەکەم جار چەرخ و گاسنیان بۆ کشتوکاڵ و گواستنەوە داهێناوە و لە بواری بیرکاریشدا هەنگاوی گرنگیان نا. داستانی گەلگامێش کە کۆنترین بەرهەمی ئەدەبیی جیهانە کە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە.
خاکی ئێستای عێراق و کوردستان و ناوچەکانی نێوان دوو ڕووبار، بە یەکێک لە لانکە سەرەکییەکانی شارستانی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێن و جگە لە سۆمەرییەکان، بابلی، ئەکەدی و ئاشووری و چەندین دەسەڵات و ئیمپراتۆری تر لەو ناوچەیە فەرمانڕەواییان هەبووە . ساڵی ڕابردوو، لە کوردستانیش کۆمەڵێک شوێنەوار دۆزرانەوە کە بۆ سەردەمی ئەکەدییەکان و ئاشوورییەکان دەگەڕانەوە. شوێنەوارناسان چ لە ناوچەکانی عێراق و چ لە کوردستان لە گەڕان و پشکنینەکانیان بەردەوامن.