سەبارەت بە راپۆرتەكەی رۆژنامەی (الصباح) حكوومەتی عێراق روونكردنەوە دەدا

باسم ئەلعەوادی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە راپۆرتەكەی رۆژنانەی (الصباح) لێدوانێکی رۆژنامەوانی بڵاو کردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە “هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو بابەتەی لەژێر سەردێڕی (ئایا هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ لە رۆژنامەی (الصباح)دا بڵاو كراوەتەوە، راوبۆچوونێكی كەسی و تایبەتە و بە هیچ شێوەیەك تەعبیر و گوزارشت لە دید و بۆچوونی رەسمیی حكوومەتی عێراق ناكات.”

ئەمەی خوارەوە دەقی لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیە:-


لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە حكوومەتی عێراقەوە

هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو بابەتەی لەژێر سەردێڕی (ئایا هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ لە رۆژنامەی (الصباح)دا بڵاو كراوەتەوە، راوبۆچوونێكی كەسی و تایبەتە و بە هیچ شێوەیەك تەعبیر و گوزارشت لە دید و بۆچوونی رەسمیی حكوومەتی عێراق ناكات.

مادەكانی دەستووری عێراق و هەموو ئەو ناوەڕۆكانەی تیایدا هاتووە كە عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵیە، هەروەها تەواوی ئەو بڕگانەی كە شێوازی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان رێك خستووە، یەكێكە لەو دەستكەوتەكانی عێراقی نوێ كە لەئەستۆی حكوومەتی عێراقدایە و پابەندە پێیەوە و كار بۆ ئەوە دەكات قووڵی بكاتەوە و پشتیوانیی بكات، حكوومەتی عێراقیش حكوومەتێكی شەرعیی هەڵبژێردراوە بەپێی دەستوور و پابەندە بە جێبەجێكردنی دەستوور و هەموو یاسا بەركارەكانی عێراقەوە.

باسم ئەلعەوادی
وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی عێراق