شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق: ئه‌فسه‌رێك و دوو سه‌ربازی عێراقی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش گیانیان له‌ده‌ستدا

 

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق كوژرانی ئه‌فسه‌رێك و دوو سه‌ربازی عێراقی له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژی له‌ ناوچه‌ی تاڕمییه‌ی باكووری به‌غدا راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (16ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق رایگه‌یاند، له‌ هه‌ڵمه‌تێكی هه‌واڵگری بۆ ئاشكراكردنی مۆڵگه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعش، هێزێكی لیوای مغاویری سه‌ر فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا، تونیویانه‌ سێ چه‌كداری داعش بكوژن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان پشتێنی بۆمبڕێژكراوی به‌ستبوو، خۆی به‌ هێزه‌كه‌دا ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌فسه‌رێك و دوو سه‌رباز گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ئه‌فسه‌رێكی دیكه‌ش برینداربووه‌.

هه‌روه‌ها شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ زیاره‌تی شیعه‌كان به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شه‌هیدكردنی ئیمام كازم كه‌ چه‌كدارانی داعش هه‌وڵیانداوه‌ كارێكی تیرۆریستی له‌و مه‌راسیمه‌دا ئه‌نجامبده‌ن.