عێراق مردنی 11 هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی له‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا راگه‌یاند

ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان تا ئێستا 11 قوربانی عێراقی له‌ ئه‌نجامی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا تۆمار كردووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌كانمان به‌شێوه‌ی مه‌یدانی له‌ شوێنی بوومه‌له‌رزه‌كان به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی توركیا هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوون و خستنه‌ڕووی زانیاری نوێ له‌سه‌ر بارودۆخی هاووڵاتییانی عێراقی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بوومه‌له‌رزه‌ تێیاندا ڕوویداوه‌‌.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت و هه‌روه‌ها كونسوڵخانه‌ی غازی عه‌نتاب ژماره‌ی ڕاسته‌وخۆی په‌یوه‌ندی فریاگوزاری بڵاو كردۆته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی هه‌ر زانیاری و ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت قوربانی و بێ سه‌روشوێنبوونی هاووڵاتییانی عێراق.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو پاڵپشتی و هاوكارییه‌ك پێشكه‌شی هاووڵاتی و خێزانه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا ئێستا سه‌دان سه‌به‌ته‌ی خۆراك و پێخه‌ف و پێداویستی سه‌ره‌تایی پێشكه‌شی ئه‌وانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ بوومه‌له‌رزه‌كاندا زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.