پەرلەمانتارێكی خەڵكی حەویجە دژی راكان جبووری هاتە دەنگ و بە دیكتاتۆر وەسفی كرد

بۆ یەكەم جارە پەرلەمانتارێكی عەرەبی سوننەی بازنەی هەڵبژاردنی حەویجە، كە لە هۆزی جبوورییە، هێرش بكاتە سەر ڕاكان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك و بە تاكڕەو و دیكتاتۆر وەسفی بكات.

ساهیرە عەبدوڵا جبووری، كە لەسەر بازنەی حەویجەی هەڵبژاردن بووەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێكی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتووە، پارێزگاری كەركووك لە پارێزگاكە وا مامەڵە دەكات، كە هەموو دەسەڵاتێك لای خۆیەتی و مامەڵەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دیكتاتۆریانەیە، لەكاتێكدا بەپێی ژمارەی 27ی ساڵی 2019ی هەمواركراوی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە مادەی 3دا هاتووە، كە ئەندامانی پەرلەمانی هەر پارێزگایەك لە نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا، ڕۆڵی چاودێر بەسەر كارەكانی ئیداریی پارێزگاكانیان ببینن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پارێزگاری كەركووك پێداگرە لەسەر ئەوەی، كە بە تاكڕەوانە حوكم بكات و ئەو دۆخەی كەركووكی بۆ خۆی قۆستووەتەوە، هەروەها وەزیفەكەی قۆستووەتەوە و ئەو پۆستانەی كە لە پارێزگاكە پۆستی عەرەبن، دەدات بەوانەی كە سەر بە خۆین.

هاوكات ئەو پەرلەمانتارە نوێترین پێشێلكاریی پارێزگاری سەپێندرای كەركووك لەو نووسراوە بۆ سەرۆكوەزیران ئاشكرا كردووە و نووسیویەتی: ”ڕاكان جبووری بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساكان و هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، كەسێكی كردووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی عەباسیی سەر بە پارێزگای كەركووك، كە فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتیی كشتوكاڵە، كە چۆن دەبێ بەبێ ڕەزامەندی، فەرمانبەرێك ڕاسپێرێت بۆ بەڕێوەبەری ناحییەیەك؟“.