سلێمان تاشان – ههولێر
دواین ئامارەکان دەری دەخەن ڕێژەی هەڵاوسان لە ماوەی ساڵێکدا لە عێراق گەیشتووەتە ٥% و بە واتایەکی تر لە کۆتایی ٢٠٢٢ دا خەڵک بە ڕێژەی ٥% گرانتر لە ساڵی ٢٠٢١ پێداویستییەکانیان پێ دابین کراوە. ڕێژەی هەڵاوسان لە کاتێکدا بەرز بووەتەوە کە نرخی دینار گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی و ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتە بەر، ئەوا ڕێژەی هەڵاوسان لەمساڵدا بە خێرایی هەڵدەکشێت.
هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە هەڵاوسان لە ماوەی ساڵێکدا لەوانەیە لە ڕووی ئابوورییەوە ئاسایی بێت و بەپێی هەندێک هاوکێشەی ئابووری کێشەی لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووریدا نەبێت بەڵام بەرزیی ڕێژەی هەڵاوسان زیانێکی زۆری بۆ ئاستی بژێویی خەڵک و لە هەمان کاتدا پرسی گەشەسەندن هەیە.
بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا، دەرکەوتووە رێژەکە بەراورد بە مانگێک پێشتر هەڵکشاوە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش واتە بەراوردی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٥% زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکە لە مانگی ڕابردوودا بەراورد بە مانگێک پێشتر ڕێژەی هەڵاوسان بریتی بووە لە ٠.٣% و کۆی ساڵەکەش بە ٤.٩% هەژمار کراوە. ئەم ڕێژەیە لە هەڵاوسان بەو واتایە دێت کە نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بەراورد بە کۆتایی ساڵێک پێشتر نزیکەی ٥% گرانتر بووە. ئەگەر داهاتی خەڵکیش بە هەمان ڕێژە زیادی کردبێت، ئەوا بەو واتایەیە ئاستی بژێوی هاوشێوەیە بەڵام ئەگەر داهات زیادی نەکردبێت ئەوا دەریدەخات بەو ڕێژەیە بارگرانیی خەرجییەکان زیادی کردووە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق هۆی سەرەکی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی لە لایەک بۆ گرانبوونی نرخی گواستنەوە و لە لایەکی تر بۆ گرانبوونی نرخی خۆراک گەڕاندووەتەوە.
ساڵی ڕابردوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا کە لە مانگی شوبات هەڵگیرسا، نرخی وزە و خۆراک بە خێرایی گران بوو. ئۆکراینا کە یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی بەرهەمهێنەری دانەوێڵە لە جیهاندا، ڕێی هەناردەکردنی لێ گیرا و ئەمەش کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان دانا. زۆرێک لە پێداویستییە خۆراکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن و بۆیەش تا ڕادەیەک کاریگەری هەبوو لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک.
ئەو ئامارە نوێیەی کە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاو کراوەتەوە تایبەتە بە مانگی ڕابردوو و چاوەڕوان دەکرێت رێژەی هەڵاوسان لە راپۆرتی داهاتوودا بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
نوێترین هۆکاری هەڵکشانی رێژەی هەڵاوسان بۆ دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە کە گەیشتووەتە نزمترین نرخ، لەوەتەی دوو دەیەی رابردوو کە ئەو جۆرە دراوە خراوەتە بازاڕەوە.
زیاتر لە مانگ و نیوێکە بەهای دینار کەم دەبێتەوە و دواین ڕێوشوێنیش کە حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکەی گرتیە بەر، هیچ کاریگەرییەکی نەبوو.
هەفتەی ڕابردوو حکوومەتی عێراق وێڕای گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی و دانانی پارێزگارێکی نوێ، بەڵێنی دا بەهای دینار بەرز بکاتەوە و ئەم هەنگاوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەهای دیناری هەڵکشاند بەڵام دواتر بەهاکەی کەم بووەوە کە تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە بەردەوامە و ئێستا هەر دۆلارێک بە هەزار و شەش سەد و پەنجا دینار دەفرۆشرێت.
دوێنێ یەکشەممە، حکوومەتی عێراق ڕێکاری تری گرتە بەر و بڕیاری دا لە سنوورەکان سۆنەری تایبەتی دابنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دۆلار بکات و هاوکات بڕیاری دا زۆربەی دراوەکە بە ئەلیکترۆنی بخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بەهای دینار بەهێز بکات بەڵام ئەمەش نەیتوانی ڕێ لە زیاتر دابەزینی بەهای دینار بگرێت.
بەراورد بە نیوەی یەکەمی مانگی ڕابردوو دینار نزیکەی ١٥% بەهای خۆی لە بەرانبەر دۆلاردا لە دەست داوە و ئەمەش بەو واتایەیە ئەگەر نرخەکەی بەم زووانە بەرز نەکرێتەوە ئەوا زۆربەی کەلوپەلەکان گران دەبن و نرخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک هەڵدەکشێن کە کاریگەری ڕاستەوخۆن بۆ دروستبوونی هەڵاوسان.
حکوومەتی نوێی عێراق بڕیاری دابوو بەهای دینار بگەڕێنێتەوە پێش دوو ساڵ لەمەوبەر بەڵام نەک نەیتوانی ئەوە بکات بگرە نەیتوانیوە لە ئاستی خۆشیدا بیهێڵێتەوە. هۆی سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دۆلار بۆ چوونەدەرەوەی بە لێشاوی دۆلار لە مەرزەکان دەگەڕێتەوە و ئەمەش وای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کردووە پێداچوونەوە بە پێوەندییە داراییەکانی بکات و گوشاری خستووەتە سەر حکوومەتی سوودانی ڕێ لە سپیکردنەوەی پارە و چوونە دەرەوەی دۆلار بە تایبەتی بۆ ئێران بگرێ.
تا ئەو کاتەی دەروازەکان کراوە بن بۆ چوونەدەرەوەی دۆلار ئەوا نرخی دیناریش دەشکێ و ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی چاوەڕوانی زیاتر بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێ کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و بژێوی هەی و ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتە بەر دەبێ لە کۆتایی ئەمساڵدا بڵێین خۆزگەم بە پار.