پەرلەمانی عێراق بەنیازە تاوتوێی کەمکردنەوەی نرخی ئینتەرنێت بکات

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی به‌نیازه‌ تاوتوێی بكات، كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئینته‌رنێت و به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتییه‌كه‌یه‌تی.

ئه‌مڕۆ كاتژمێر 13:00ـی نیوه‌ڕۆ په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، شه‌ش بابه‌ت و برگه‌ی جیاواز له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێده‌كرێن و یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئینته‌رنێت و به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵێتییه‌كه‌یه‌تی.

له‌وباره‌وه‌، ئیبراهیم میرانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، بە نیازن تاوتوێی کەمکردنەوەی نرخی یەکەکانی ئینتەرنێت و دەستەبەرکردنی خێرایی و کوالیتی بکەن کە هاوتەریبن لەگەڵ خواستی هاووڵاتیان.

رۆژی سێشه‌ممه‌ (22ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، بریاریانداوه‌ باجی سه‌ر كارته‌كانی مۆبایل هه‌ڵبگرێت.

سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و باجه‌ی سه‌ر كارته‌كانی مۆبایل بووه‌ته‌ هۆی بارگرانی ئابووری بۆ هاووڵاتیان بۆیه‌ بڕیاری هه‌ڵگرتنماندا.

وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌پێناو پاڵشتیكردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتیان، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی باجی سه‌ر كارته‌كانی مۆبایل و ئینته‌رنێتی هه‌ڵگرتووه‌.