ڤیان سەبری: نرخی دۆلار جێگیر نەكرێ، مەترسی لەسەر ئابووریی عێراق دروست دەبێت

سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ئەنجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق هۆشداری لەبارەی ئاییندەی ئابووریی عێراق بە گشتی دەدات و رای دەگەیەنێت كە ئەگەر بەهای دۆلار جێگیر نەكرێت، ئەوا مەترسی دەكەوێتە سەر ئابووریی عێراق.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: ”بابه‌تی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دیناری عێراقی، په‌یوه‌ندی به‌ پرسی ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ناوخۆدا محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، هه‌وڵ ده‌دات که‌ هه‌ندێک رێکار بگرێته‌به‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێت چاوه‌رانی ده‌رئه‌نجام بکرێت. هەرچەندە به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار، بارگرانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی دروست ده‌کات.“

ڕوونیشی كردەوە: ”یه‌کێک له‌ گرفته‌کانی بەردەم نرخی دۆلار ئه‌وه‌یە که‌ تا ئێستا پرۆژەیاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق نه‌هاتوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر نرخی دۆلار، چونکه‌ ده‌بێت له‌ یاسای بودجه‌دا به ‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی، بەهای دیناری عێراقی به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار جێگیر بکرێت.“

له‌باره‌ی پڕکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کانی کورد له ‌به‌غدا و بابەتی دانانی نوێنه‌رایه‌تی کورد له‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق، ڤیان سەبری گوتی: ”ده‌بێت پۆسته‌کانی به‌غدا نوێنه‌رایه‌تیی کوردیان تێدا هه‌بێت، گرنگە نوێنەرانی كورد لە بانكی ناوه‌ندیش هەبن.“

باسیشی لەوە كرد كە جگە لە هۆكارە ناوخۆییەكان، ”هه‌ندێک هۆکاری ده‌ره‌کیش هه‌ن وه‌ک بانكی فیدرالیی ئه‌مه‌ریکا که‌ تێبینی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆلاره‌ی ده‌یداته‌ عێراق، وێڕای بابەتی ناوخۆیی وەك گه‌نده‌ڵی و بردنە دەرەوەی پاره‌یه‌کی زۆر كە ئەمە وای کردووه‌، محەمەد شیاع سودانی هه‌ندێک رێکاری خێرا بگرێته‌به‌ر.“

لە كۆتاییشدا هۆشداریی توندی دا لەوەی ”ئه‌گه‌ر نه‌توانرێ نرخی دۆلار جێگیر بکرێت، مه‌ترسی له‌سه‌ر ئابووریی عێراق هه‌یه، ئه‌وکات بە زەحمەتتر ده‌توانرێت چاره‌سه‌ر بکرێت.“