کۆمسیۆنێک بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق پێکهێنرا

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لیژنەیەکی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق پێکهێنا و راشیگەیاند، سەرژمێرییەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 24/1/2023، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پێکهێنانی کۆمسیۆنی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوونی لە عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی راگەیاند.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە “حکومەت جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتووان  کردووەتەوە و کاردەکات بۆ دروستکردنی هەلومەرجی پێویست و دیاریکردنی بەرواری گونجاو بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاندووە. ئەم سەرژمێرییە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

 دوایین سەرژمێری لە عێراقدا لە ساڵی 1997 ئەنجامدراوە و بەپێی خەملاندنەکانیش ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 42 ملیۆن کەسە.