سەرۆکوەزیرانی عێراق پارێزه‌ری بانكی ناوه‌ندیی عێراقی دوورخسته‌وه‌

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراقی دوورخسته‌وه و پارێزگاری بانكی بازرگانیشی خانه‌نشینكرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی عێراقی (واع) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق غالیب مخیف، پارێزگاری ئێستای بانكی ناوه‌ندیی دوورخستووه‌ته‌وه‌ و موحسین عه‌لاقی وه‌كو پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی بانكه‌كه‌ ده‌ستنیشانكردووه‌. 

هه‌ر به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، سوودانی سالم جه‌واد جه‌به‌لی، پارێزگاری بانكی بازرگانی عێراقی خانه‌نشینكردووه‌ و، بیلا حه‌مدانی وه‌كو پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی بانكه‌كه‌ ده‌ستنیشانكردووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ژووره‌كانی بازرگانی عێراق كۆبووه‌وه‌ بڕیاریدا به‌ پاره‌داركردنی بانكی بازرگانی عێراقی له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌بڕی 500 ملیۆن دۆلار.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سوودانی بڕیاریداوه‌، له‌ڕێگه‌ی بانكی بازرگانی عێراقییه‌وه‌ ده‌روازه‌ی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار به‌ بازرگانان بكاته‌وه‌ له‌پێناو دابه‌زاندنی به‌های دۆلار.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ سوورن له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی ئابووری و به‌شێك له‌ كێشه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا بڕیاری هه‌ڵه‌دراوه‌.

هه‌روه‌ها محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بڕیاریداوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاری ده‌سته‌ی باجه‌كان بكات و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی به‌رزونزمی به‌های دراوه‌كان له‌ ئه‌ستۆی هه‌موو لایه‌نه‌كاندایه‌ و نابێت چیتر هاووڵاتییان بكرێنه‌ قوبانی.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراقی، به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كانی ده‌ره‌وازه‌ سنووریه‌كان، باج، گومركه‌كان و پێشانگا بازرگانییه‌كان ئاماده‌بوون، بڕیاردرا ژووره‌ بازرگانییه‌كان، یه‌كێتی پیشه‌سازییه‌كان و نوێنه‌رانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وزاری ئابووری به‌شداری بكه‌ن.