ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رنامه‌ی كاری یه‌كه‌م دانیشتنی له ساڵی نوێ راگه‌یاند، كه‌وا بڕیاره ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌ندامانی نوێی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وابڕیاره كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی شه‌ممه (14ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023 )، ده‌ست به دانیشتنه‌كانی خولی نوێی یاسادانانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه بكرێته‌وه.
له كارنامه‌ی دانیشتنی ژماره یه‌كی ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، ئاماژه به چه‌ند خاڵێك كراوه، له‌وانه سوێندخواردنی یاسایی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری نوێ، هه‌روه‌ها ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌ندامانی نوێی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌درێت.
هه‌ر به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای په‌یوه‌ندییه‌كان و زانیارییه‌كان، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری چواره‌می پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی پیشه‌سازی له كه‌رته‌كانی تایبه‌ت و تێكه‌ڵاو ئه‌نجامده‌درێت.
له كارنامه‌كه‌دا ئاماژه به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند راپۆرتێكی لیژنه‌كان كراوه، له‌وانه راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی تیشكده‌ره كیمیاوییه‌كانی وه‌زاره‌تی ژینگه و راپۆرتی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی به‌شدار له كۆنگره‌ی یه‌كه‌می رێككه‌وتننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌باره‌ی گۆڕانی ژینگه له دانیشتنه‌كه‌دا ده‌خرێنه‌ڕوو.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، رۆژی چوارشه‌ممه (11ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، شوان محه‌ممه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی، له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 رایگه‌یاند، وابڕیاره رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنه ئاساییه‌كانی خۆی ده‌ست پێبكاته‌وه.