گەورەترین پڕۆژەی بودجە لە مێژووی عێراق پێشکەشی حکوومەت کرا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەتی دارایی عێراق گەورەترین پڕۆژەیاسای بودجەی خوی لە مێژوودا پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ ئەوەی پەسندی بکات و بەم نزیکانە بەمەبەستی گفتوگۆ رادەستی پەرلەمانی بکات. قەبارەی بودجەکە دەگاتە سەد و چل تریلیۆن دینار.

قەبارەی بودجەی ئەمساڵی عێراق بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسەی وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، بریتییە لە نەوەد و پێنج ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار کە بە دینار دەکاتە سەرووی سەد و چل تریلیۆن و لەوەتەی عێراق هەیە، هیچ کاتێک ئەو لە بودجە گەورەیەی نەبووە.
ئەو بودجەی پێشکەش کراوە بەراورد بە دواین قەبارەی یاسای بودجەی عێراق، یازدە تریلیۆن دینار جیاوازی هەیە و
حکوومەتی سوودانی بە لەبەرچاوگرتنی زۆربوونی داهات و هەبوونی یەدەگێکی زۆری دراو لە بانکی ناوەندیی، دەستی بە لێشاو دامەزراندن کردووە و ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی چاودێرانی ئابووری. چونکە، مەرج نییە ئەو داهاتەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ هەیبوو لە ساڵی ٢٠٢٣ هەیبێت و دەترسن تەنانەت ئەو بودجەیەش لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت کورت بهێنێت.
عێراق لە زۆربەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٢، یەک بەرمیل نەوتی بە پتر لە ٩٠ دۆلار فرۆشت؛ بەڵام ئەمە ئاستەمە لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕوو بدات هەرچەندە نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان ٦٥ بۆ ٧٠ دۆلار دەستنیشان کراوە و لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوارووی ئەم نرخە، بودجە کورت دەهێنێت.
بەگوێرەی میدڵست نیوز، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق ئاماژەی داوە کە پڕۆژەیاسای بودجە دوو بەش لە خۆ دەگرێت؛ بەشی یەکەم تایبەتە بە بودجەی بەکاربردن کە سەرووی هەشتا تریلیۆنی بۆ تەرخان کراوە و سەرووی شەست تریلیۆن دیناریش تەرخان کراوە بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە.
ئەو پێشبینی کردووە لە ئەگەری پەسندکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان، تا کۆتایی مانگی شوبات لەوانەیە هەر دوو خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پەسند بکرێت.
پێویستە بگوترێ لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% دیار کرابوو بەڵام ئەمە پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان نییە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو پشکە لانی کەم بۆ ١٤% بەرز بکرێتەوە.
پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠١٤ و بەر لەو کێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتنە کایەوە بریتی بوو لە ١٧% بەڵام حکوومەتی عێراق بە پێشێلکردنی دەستوور ئەو پشکەی کەم کردەوە و ستەمێکی تری لە کورد کرد.
لە کۆتایی ساڵی رابردوو، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا لەسەر هەندێک پرس ڕێککەوت، بەڵام لەسەر پرسی بودجە هیچ ڕێککەوتنێک لەئارادا نییە و چاوەڕوان دەکرێ حکوومەت شاندی تر ڕەوانەی بەغدا بکات بۆ ئەوەی بەر لە خوێندنەوەی بودجە لە پەرلەمان، لەسەر هەندێک بڕگە ڕێکبکەون.
جێی باسە ئەو پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ لە عێراق لەکاتێکدا نووسراوە کە ساڵی ڕابردوو عێراق بێ یاسای بودجە بوو، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و گوەزران و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەبوو. جگە لەمە نرخی دیناریش بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەگەر نرخی دینار لە ئاستی ئێستەیدا بمێنێتەوە ئەوا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر باری ژیانی دانیشتووان دەبێت.