مێدیاکانی عێراق زۆر و بۆرن و نەیانتوانیوە وێنەیەکی ڕاستەقینە لە دۆخی عێراق پێشان بدەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مێدیاکانی عێراق زۆری و بۆرییان پێوە دیارە و ئازادبوونی میدیا نەیتوانیوە بە تەواوی لە خزمەتی شەفافیەت و پێشاندانی وێنەیەکی راستەقینە لە دۆخی عێراق بێت. توێژینەوەیەک ژمارە و خەرجیی میدیاکان ئاشکرا دەکات کە بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

تا ساڵی ٢٠٠٣ و بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، میدیا لە عێراق ئازاد نەبوو و سەرجەم میدیاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندی و حزبی بەعسدابوون. هیچ کتێب و بڵاوکراوە و میدیایەک نەیدەتوانی بە بێ مۆڵەتی حکوومەت هیچ شتێک بڵاو بکاتەوە و تەنانەت ئامێرەکانی سەتەلایتیش لە ناوخۆ قەدەغە بوون و سزای قورس بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنرا ئەگەر ئامێرەکەیان لێ گرتبا.
دۆخەکە لە دوای ئازادبوونی عێراق گۆڕدرا و ئێستا ئەو وڵاتە زۆرترین میدیای هەیە و لە نێو وڵاتانی ناوچەکە لە ڕیزبەندی یەکەمدا دێت. ژمارەی کەناڵ و ڕۆژنامە و میدیا و سایت و پەیجەکان ئەوەندە زۆرن، کە بە ئاستەم دەتوانی یەکێک لە ئەوەی تر جیا بکەیتەوە و ڕەنگە بە ناوەڕۆکەکەیان بۆت دەربکەوێت بەرگری لە کام ڕەوت و بیری سیاسی و حزبی دەکات.
لە رووی ژمارەی ڕۆژنامە و کەناڵەکانی ئاسمانی و ماڵپەڕ و ڕادیۆ و کەناڵە جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، عێراق لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕیزبەندی یەکەمدا دێت و جیاوازییەکە لەگەڵ جاران ئەوەیە کە پێشتر سەرجەم میدیاکان سەربە حکوومەت بوون و یەک حزب فەرمانی بەسەریاندا دەکرد بەڵام ئێستا زۆربەی میدیاکان سەر بە حکوومەت نین، هەر چەندە لە لایەن حزبە جیاوازەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
دامەزراوەی دەروازەکانی عێراق بۆ زانیاری دیجیتاڵی کە دامەزراوەیەکی ناحکوومییە لە نوێترین ئاماری ساڵانەیدا ئاشکرای کرد، لە عێراق ٥٧ کەناڵی ئاسمانی ١٣٨ رادیۆ هەن جگە لەمانە ٦٥ نووسینگەی کەناڵە ئاسمانییە باوەڕپێکراوەکانی جیهانی لێیە کە لە عێراقەوە زانیاری و راپۆرتی جیاواز بڵاو دەکەنەوە.
دامەزراوەکە جگە لە خستنەڕوی ئامارەکە، باسی لە ناوەڕۆکی بەرنامە و پرۆگرامەکانی میدیاکانیش کردووە و بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە بەراورد بە پرۆگرامەکانی تر، گفتوگۆ و شڕۆڤە سیاسییەکان زۆرترین بینەری لە نێو میدیاکاندا هەیە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا خەمڵاندن بۆ خەرجییەکانیشیان کراوە و خەرجیی دارایی هەر کەناڵێکی ئاسمانی لەعێراق بە تێکڕا ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار دۆلار هەژمار کراوە، هەر چەندە خەرجی هەندێک لە کەناڵەکان دەگاتە سەرووی پێنج ملیۆن دۆلار.
ئەو خەرجییەی ئاماژەی پێ کراوە تەنیا خەرجی کەناڵەکانە ئەمە بەدەر لەو خەرجییەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرنامە و سپۆنسەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان دەکرێت کە تێچووەکەی یەکجار زۆرە.
زۆربەی کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراق جگە لە بەغدا و هەندێک شاری تری وەک هەولێر و بەسڕا، نووسینگەی جیاوازیان لە لبنان هەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕێنراوەتەوە کە عێراقییەکان دەیانەوێت لە میدیادا سوود لە ئەزموونی لبنانییەکان وەربگرن و لە لایەکی ترەوە خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرنامە لەم وڵاتە بەراورد بە عێراق هەرزانتر دەکەوێت.
بە گوێرەی ئەلعەرەبیە جەدید، محمەد یاسین ئەندامی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندووە ژمارەی میدیاکانی عێراق کە لەم ڕاپۆرتەدا بە فەرمی بڵاو کراوەتەوە لەراستیدا زۆر زیاترن و ژمارەی ئاژانس و ماڵپەڕە فەرمییەکان دەگاتە سەرووی ٥٠٠ دامەزراوە کە زۆربەیان سەر بە حزب و گرووپە سیاسیە جیاوازەکانە و هەر کامێکیان لە رەهەندی جیاوازەوە بانگەشە بۆ بۆچوونی خۆیان دەکەن و لە روانگەی تایبەتی خۆیانەوە رووماڵی هەواڵ و رووداوەکان دەکەن.
بەشێک لە نووسەران باسیان لەوە کردووە کە زۆری و بۆری لە میدیاکان بە گشتی وایکردووە دۆخی سیاسیی عێراق لەوە ئاڵۆزتر دەربکەوێت چونکە هەر کامێک بە شێوەیەکی جیاواز باس لە دۆخی سیاسی عێراق دەکەن و دەستخستنی وێنەیەکی راستەقینەی دۆخی سیاسی عێراق لای بینەر کارێکی ئاسان نییە.
بەشێک لە میدیاکان ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕن و حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان لە دژی یەکتر هان دەدەن و بەشێکیشیان دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق هەنگاو دەنێن و لە جیاتی ئەوەی هاوکاری دۆخی سیاسی عێراق بکەن دەبنە هۆی زیاتر شڵەژانی دۆخی سیاسی عێراق و ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی لە تیلیگرام و تویتەر زیاتر بەدیار دەکەوێت.
هەرچەندە لە راپۆرتەکەدا باس لە دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستان نەکراوە بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستانیش قسە هەڵدەگرێ و هەڵگری کەم و کورتییە بەڵام پێدەچێت لە هی عێراق باشتر بێت چونکە ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندترن و میدیای ئازاد و سەربەخۆش زیاتر ڕۆڵ دەبینێت.