سەركردەیەكی فەتح: هەواڵگریی عێراقی دەستی لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە

سەركردەیەكی هاوپەیمانیی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، ئاشكرای كرد، زانیارییان هەیە لەبارەی تێوەگلانی دەزگای هەواڵگریی عێراقی لە پرۆسەی كوشتنی هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی پێشووی حەشدی شەعبی. 

ئەمڕۆ 3ی 1ی 2023، سێ ساڵی تەواو بەسەر ئۆپەراسیۆنێكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تێپەڕ دەبێت كە تێیدا لە ڕێگەی درۆنەوە، مووشەك ئاراستەی ئۆتۆمبێلێك كرا كە هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی تێدا بوو. 

لەمبارەیەوە عەلی الجمالی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، لە كاتێكدایە دەبوایە ئاسایشی فڕۆكەخانەی بەغدا لە شوێنەكانی دیكە زیاتر بپارێزرێت، بەهۆی ئەوەی قاسم سولەیمانی وەك میوان دەهاتە عێراق، كەچی ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕووی دا كە ئەو بە ”تاوان“ لەقەڵەمی داوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە كە لەبەر ئەوەی وادادەنرێت كە سەردانەكە لەژێر پارێزگاری و سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگری كرابێت، دەزگای هەواڵگری ”بەرپرسیارێتی“ی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەڵدەگرێت كە لە دژی سولەیمانی و موهەندیسدا كرا. 

گوتیشی: ”زانیاریی پشتڕاستكراوەی ئەوتۆ بەردەستە كە پێمان دەڵێت، دەزگای هەواڵگریی عێراقی هەماهەنگی و هاریكاری لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كردووە لەم پرۆسەیەدا، هەروەها هەندێك كۆمپانیای سەر بە هەندێك كەس لە ناوخۆی عێراق لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەستیان هەبووە.“

سەركردەكەی فەتح جەختی كردەوە كە ئەو هێرشەی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا ئەنجام درا، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ناوخۆیی پلانی بۆ دانراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش لە راپۆرتێكدا كە لە نیوەی یەكەمی 2021 بڵاوی كردەوە، ماڵپەڕی (یاهوونیوز)ی ئەمریكی ئاشكرای كرد كە یەكێك لەو لایەنانەی هاریكاریی ئەمریكییەكانیان كردووە لە ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە. هەرچەندە ئەم هەواڵە بووە هۆی سەرسوڕمانی خەڵكی، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوان یەكێتی و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبوو