هه‌واڵگری عێراق: ته‌نیا له‌ یه‌ك بۆری نه‌وتی به‌سره‌ شه‌وانه‌ نزیكه‌ی 30 تانكه‌ر نه‌وت دزراوه‌

ه‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانی عێراق، رایگه‌یاند، باندێكی به‌ قاچاغبردنی نه‌وتی به‌سره‌یان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ له‌ 49 كه‌س پێكهاتوون و ژماره‌یه‌كیان ئه‌فسه‌رن.

ئه‌رشه‌د حاكم، گوته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی (30ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند، نه‌وتی به‌سره‌ له‌ لایه‌ن باندێكه‌وه‌ بازرگانی نایاسایی پێوه‌كراوه‌، كه‌ به‌شێكی ئه‌و بانده‌ ئه‌فسه‌ر و پله‌داری ئه‌منین و ژماره‌یه‌كیان قاچاغچی و هه‌ندێكیشیان به‌ نوێنه‌رایه‌تی كاره‌كه‌یان كردووه‌.

گوتیشی: ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی تێوه‌گلاون له‌و تاوانه‌ ئه‌ركیان دابینكردنی ئاسایشی قاچاغچییه‌كان بووه‌، كاتێك نه‌وتیان بردووه‌ و ئاسایشی تانكه‌ره‌كانیان دابین كردووه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیشیان كردووه‌، نووسراویان بۆ جووڵه‌ی تانكه‌ره‌كان كردووه‌ و پاره‌یان وه‌رگرتووه‌ و به‌ ناوی كارگه‌ی وه‌همییه‌وه‌ رێپێدانیان پێداون.

سه‌باره‌ت به‌ قاچاغچییه‌كانیش گوتی: ئه‌وان نه‌وته‌كه‌یان تاڵان كردووه‌ و پاره‌كه‌یان داوه‌ته‌ نوێنه‌ره‌كان و ئه‌وانیش راده‌ستی ئه‌فسه‌ره‌كانیان كردووه‌.

ئه‌رشه‌د حاكم، گوته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، شه‌وانه‌ به‌لانیكه‌م له‌ یه‌ك هێڵی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌دا، به‌ بڕی 490 ملیۆن دینار نه‌وت تاڵان كراوه‌ و هه‌موو شه‌وێك 20 تا 30 تانكه‌ر نه‌وت ده‌ركێشراوه‌ و براوه‌، هه‌ر تانكه‌رێك 36 تا 44 هه‌زار لیتر نه‌وتی تێكراوه