سوودانی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆبووه‌وه‌

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ شاندێكی سه‌رۆك هۆزه‌كانی شه‌ممه‌ر له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆبووه‌وه‌، تێیدا تاووتوێی سه‌قامگیری ئه‌منی و باشتركردنی دۆخی خزمه‌تگوزاری پارێزگای نه‌ینه‌وا كرا.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ شاندێكی سه‌رۆك هۆزه‌كانی شه‌ممه‌ر له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ سه‌رۆكایه‌تی فه‌یسه‌ڵ حه‌رووش جه‌ربا، كۆبووه‌وه‌، له‌باره‌ی بارودۆخی خزمه‌تگوزاری و سه‌قامگیری له‌ ته‌واوی قه‌زا و ناحییه‌كانی نه‌ینه‌وا گفتوگۆكرا.

له‌پێناو سه‌قامگیری بۆ ته‌واوی پێكهاته‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا كرد.

دوێنێش دكتۆر له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانی پارێزگای نه‌ینه‌وای كرد، له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌ كۆبووه‌وه‌، له‌باره‌ی پرسی ئاواره‌كان و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال كۆبوونه‌وه‌ و دیداری له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كرد.