چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عێراق و ئوردن لە بواری بەرهەمهێنانی فۆسفات و سیلیکۆن وەبەرهێنان دەکەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

جگە لە نەوت، عێراق بە سامانێکی تر دەوڵەمەندە بەڵام هێشتا وەبەرهێنانێکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و ئەو سامانەش لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق هەیە. ئەو بڕە فۆسفات و سیلیکۆنەی لەو بیابانانە هەیە دەتوانێت بودجەی بیست ساڵی عێراقی پێ دابین بکرێت.

وەک ئاشکرایە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی عێراق کە سەرووی ٩٠%ی داهاتی عێراق پشتی پێ دەبەستێت نەوتە، بەڵام ئەو بەرهەمە بەرهەمێکی گەرەنتیکراو نییە و ناتوانێت ئابوورییەکی سەقامگیر بەدی بهێنێت، بەڵکوو هەڵبەز و دابەزی نرخ لە لایەک و کێشەکانی تری پەیوەند بە بازاڕەکان وا دەکات کە داهاتەکانیش لەپڕ بەرز ببنەوە یان دابەزن.
قەیرانی ئابووری پەیوەند بە دەهاویشتەکانی کۆرۆنا کە بەربینگی زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی گرت ئەو ڕاستییە دەسەلمێێت. حکوومەتی عێراق ناچار بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بەهای دینار بە ڕێژەیەکی زۆر بشکێنێت تا بتوانێت کورتهێنانی بودجەی پێ پڕبکاتەوە.
عێراق تا ئێستە، تەنیا پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە و گرنگی بە کانزا و سامانە سروشتییەکانی دیکە نەداوە و بە گوێرەی مێدڵئیست نیوز لە پڕۆژەیەکی نوێدا خەریکە وەبەرهێنان لەو کانزایانەدا دەکات و یەکەم هەنگاو لەم بارەیەوە دەنێت.
خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی عێراق و یوسف شیمالی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئوردن و ساڵح خەرابشە وەزیری وزە و کانزاکانی ئوردن، باسیان لە هاوکاریی دوولایەنە بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوی سروشتی و کانزاکانی فۆسفات و سیلیکۆن کردووە.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە عێراق و ئوردن بڵاویان کردووەتەوە، کانزاکان لە داهاتووی ئابووری ئەو دوو وڵاتە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ئەوان پێداگرییان لەوە کردووە کە لەم بارەیەوە وەبەرهێنانی هاوبەش بکەن.
عێراق خاوەنی کانزایەکی زۆرە کە هێشتا وەبەرهێنانێکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە . عێراق بە دووەم وڵاتی جیهان هەژمار دەکرێت کە خاوەنی زۆرترین سەرچاوەی فۆسفاتە و قەبارەی ئەو مادەیە لە ڕۆژئاوای عێراق بە زیاتر لە یەک ملیار تۆن دەخەمڵێنرێت و ئەمەش ٩%ی کۆی یەدەگی فۆسفاتی جیهان پێک دەهێنێت. مەغریب بە خاوەندارێتی ٧٠% لە یەدەگی فۆسفاتی جیهان لە پلەی یەکەمدا دێت چین بە ٥% لە پلەی سێیەم و سووریا و جەزائیر بە ٣% لە پلەکانی دواتردا دێن.
پێشتریش ئێحسان عەلی ساڵح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆمپانیای فۆسفاتی عێراق ڕایگەیاندبوو، کە کارگەکانی ساڵی ١٩٧٨ لە زەوییەک بە ڕووبەری سێ ملیۆن مەتر چوار گۆشە بە گرێبەستی سەرەتایی یەک ملیار دۆلار دامەزراون بەڵام پەرەیان پێ نەدراوە. ئەو کارگانە بۆ بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار تۆن پەینی مۆنۆ ئامونیۆم و سوپەر فوسفات و جۆرەکانی تری پەین نەخشەسازییان بۆ کراوە.
تێکڕای نرخی فۆسفات لەمساڵدا سەرووی سەد و پەنجا دۆلار بۆ هەر تۆنێک بووە و کۆی بەهای فۆسفاتی یەدەگی عێراق بە تریلیۆنێک و پێنج سەد ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە دەتوانێت بۆ ماوەی پازدە ساڵ کۆی بودجەی عێراق دابین بکات.
جێی باسە جیهان بەرەو بەدیجیتاڵبوون و تەکنەلۆجیای نوێ دەڕوات کە پشت بە مادەی سیلیکۆن دەبەستێت. بەرهەمهێنانی سیلیکۆنیش پشت بە سیلیسی خاو دەبەستێت کە لە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراق و پارێزگای ئەنبار دەست دەکەوێت.
نرخی هەر تۆنێک خۆڵی سیلیس حەوت دۆلار و حەوت سەنتە و هەرچی مادەکەی لە ڕووی کوالێتییەوە بەرزتر بێت ئەوا نرخەکەشی بەرزترە و تەنانەت تا شەست دۆلار بەرز دەبێتەوە. بایەخی ئەم وەبەرهێنانە لەوەدایە کە پاڵاوتنەکەی تێچووی زۆری ناوێت و ئەو ئامێرانەش کە بۆ ئەم مەبەستە سوودیان لێ وەردەگیرێت ئامێری زۆر پێشکەوتوو و گران نین نەتوانرێن دابین بکرێن.
ئەگەر لە پیشەسازی سیلیس وەبەرهێنان بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی هەر تۆنێک سیلیکۆن بە هەزار دۆلار و بەرهەمهێنانی پەنجا ملیۆن تۆن سیلیکۆن لە حەفتا ملیۆن تۆن سیلیس، سەرووی پێنج سەد ملیار دۆلار داهاتی دەبێت کە ئەمەش بودجەی پێنج ساڵی عێراق دابین دەکات. بەوپێیە تەنیا وەبەرهێنان لەو دوو مادەیە دەتوانێت بودجەی بیست ساڵی عێراق دابین بکات.