شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ سیستانی كۆبووه‌وه‌

شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نه‌جه‌ف له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق كۆبووه‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خستنه‌ڕووی دوایین ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌باره‌ی تاوانه‌كانی داعش كه‌ له‌ دژی هاووڵاتییانی عێراق له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌نجامیدابوون، سەردانی ماڵی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە نەجەف کرد.

شانده‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ کریستیان ڕیچارد، راوێژکاری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و تیمێكی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و ژمارەیەک نێردەی دیبلۆماسی پێكهاتبوو و ئامانجی سه‌ره‌كی سەردانەکه‌شیان بۆ ماڵی ئه‌و گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌ی شیعه‌كانی عێراق،  بۆ خستنه‌ڕووی دوایین ده‌ره‌نجامی لێکۆڵینەوەكان بووه‌ لەباره‌ی تاوانەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق.

شاندەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگه‌یاند، قوربانیانی دەستی داعش مافی ئەوەیان هەیە داوای دادگایکردنی تۆمەتباران بکەن و هیوایان وایە مەرجەعی باڵای شیعەکانیش هاوکاربێت لە رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی و کۆمەڵکوژی کەمینەکان.

ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 7ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، له‌ نه‌جه‌ف، میگێل ئەنجێل مۆراتینۆس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێنین هێنیس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری عێراق له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق كۆبوونه‌وه‌.

 پلاسخارت له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق هیچ بابه‌تێكی سیاسییان تاوتوێ نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو باسیان لە گرنگی حیکمەت و بینایی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق و پشتیوانی ناوبراو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ‌نێو پێكهاته‌كانی عێراقدا كردووه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ نووسینگەی عه‌لی سیستانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،  سیستانی لە میگێل ئەنجێل مۆراتینۆس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێنین هێنیس پلاسخارت كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی هه‌وڵه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییەکان كراوه‌ته‌وه‌ دوای هێرشکردنە سەریان لە چه‌ند شوێنێكی جیاوازی جیهان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا.

نووسینگه‌ی سیستانی گوتیشی، لە میانی دیدارەکەدا سیستانی جەختی له‌ گرنگی هەوڵی هاوبەش لە بەرەوپێشبردنی کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رەتکردنەوەی تووندوتیژی، رق و کینە و دامەزراندنی بەهاکانی هاوئاهەنگی لەسەر بنەمای گرنگیدان بە مافەکان و رێزگرتن لە یەکتر لەنێوان لایەنگرانی ئایینە جیاوازەکان كردووه‌ته‌وه‌.

عه‌لی سیستانی وەک گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان رۆڵی هەیە لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان پێکهاتە و سیاسییەکانی عێراق، بۆیە جگە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق، نوێنەری وڵاتان بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە هەستیارەکانی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن