سوپای عێراق له‌ سێ پارێزگا ده‌كشێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ مانگی دووه‌م ده‌ستیان بە كشانه‌وه‌ی سوپا له‌ناوجه‌رگه‌ی شاره‌كانی واست، دیوانیه‌ و موسه‌ننا كردووه‌ و دۆسێی ئه‌منی شاره‌كانیان راده‌ستی پۆلیسی ناوخۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نی كار بۆ راده‌ستكردنی دۆسی ئه‌منی به‌ هێزه‌كانی ناوخۆ ده‌سپێردرێت و سوپای عێراق له‌شاره‌كاندا به‌پێی پلانه‌كانیان ده‌ست به‌كشانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

به‌گوته‌ی خه‌فاجی، سوپای عێراق له‌ سنووری پارێزگاكاندا ده‌مێننه‌وه ‌و سه‌ربازگه‌ داده‌نێن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراو ئه‌گه‌ربێتو رووبدات

له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو، به‌هۆی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دانیشتووانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری، كه‌ بووه‌هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، سوپای عێراق چووه‌ ناو سه‌نته‌ری شاره‌كانه‌وه‌ به‌ ئامانجی سه‌پاندنی هێز بۆ رێگریكردن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی هێز و پاراستنی سه‌قامگیری.