پێنج هەزار شوێنەواری عێراق لە لایەن داعش لەناو براون

لە ماوەی زیاتر لەو سێ ساڵەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ژمارەیەک پارێزگای عێراق و هەندێک ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی داگیر کردبوو، لانی کەم پێنج هەزار شوێنەوار لەناو براون و بەرپرسانی باڵای عێراق داوا لە وڵاتان دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان یارمەتییان بدەن.

پێنج ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی مووسڵ و ڕووخانی یەکجارەکی داعش لە عێراق لەسەر دەستی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق و هاوپەیماناندا تێدەپەڕێت. دوای پێنج ساڵ لەو ڕووداوە هێشتا نەتوانراوە ئەو ناوچانە ئاوەدان بکرێنەوە کە داعش لەو ماوەیەدا لەناوی بردبوون، یەکێک لەو کەرتانەی داعش زیانی زۆری پێ گەیاندن ناوچە شوێنەوارییەکان بوون.
لە کۆنفرانسێکدا وەزیری ڕۆشنبیری و شوێنەواری عێراق، کۆی قەبارەی ئەو شوێنەوارانەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق لەناو براون. بە پێی ئامارەکە، پتر پێنج هەزار شوێنی شوێنەواری و مێژوویی لەناوبراون یان زیانیان بەرکەوتووە.
ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری شوێنەوار و گەشتوگوزاری عێراق، لە میانەی ٢٣هەمین کۆنفرانسی وەزیرانی ڕوشنبیری و شوێنەواری وڵاتانی عەرەبی کە لە ڕیاز، پاتەختی سعوودیە بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەو ئامارە کرد و گوتی سەرجەم ئەو شوێنەوارانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤تا ٢٠١٧ لەناو بردراون.
جێی باسە لە ساڵی ٢٠١٤ کە داعش سەری هەڵدا تا مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ سێ پارێزگای عێراقی بەدەستەوە بوو، کە دەیانکردە یەک لەسەر سێی ڕووبەری خاکی عێراق. ئەو شار و ناوچانەی لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەردا گیرا دەوڵەمەند بوون بە شوێنەواری مێژوویی بەڵام داعش ژێرخانی شوێنەواری هەمووانی لەناو برد.
بەپێی ئەو ئامارەی بڵاو کراوەتەوە داعش لە عێراق ١٠٨ مزگەوت، ١٥ گۆڕ، ١٩ کەنیسە، ٣٧ قوتابخانە، پەرستگەیەک، ١٣ بازاڕ، ١٣ حەمام، ٤٣١ بینای مێژوویی و کۆمەڵێک مۆزەخانە و شوێنی شوێنەواری و مێژوویی لەناو بردووە.
لە کۆنفرانسەکەدا داوا لە وڵاتانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە کراوە هاوکاری عێراق بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت لە نزیکترین کاتدا ئەو شوێنانە ئاوەدان بکاتەوە و ئەو ناوچە شوێنەوارییانە بپارێزێت کە هێشتا لەناو نەچوون یان دەرفەتی ئەوەیان تێدایە دووبارە نۆژەن بکرێنەوە.
بەگوێرەی میدڵ ئیست نیوز، سوپاسی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کراوە کە لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی نوور ڕۆڵی کارای هەبووە و هاوکات ڕۆڵی یۆنسکۆ بۆ هەنگاوەکانی لە بواری شوێنەواری مووسڵ بەرز نرخێندراوە.
خستنەڕووی ئەو ئامارە لەکاتێکدایە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەگەڵ میگڵ مۆراتینۆس یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری باڵای ڕێکخراوەکە بۆ کاروباری شارستانییەتەکان، کۆبۆوە و لەبارەی دووبارە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوییەکان گفتوگۆی کرد.
عێراق لە قۆناغە جیاوازەکانی دەسەڵاتداری و ڕووداو و جەنگ و قەیرانەکان تووشی لەناوچونی شوێنەوارەکانی یان بەتاڵانبردنی شوێنەوارەکان بووە و لە چەند ڕۆژی رابردووشدا لە میانەی کۆنفرانسێکی گرنگ کە لە بەغدا بەڕێوە چوو، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتبووی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە دیپلۆماسییەی لە ساڵانی ڕابردودا بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەییەکان گیراوەتە بەر توانراوە ١٨ هەزار پارچەیان بگەڕێنرێتەوە مۆزەخانەکانی عێراق و پارێزگارییان لێ بکرێ هەر چەندە بە هەزاران پارچەی تر ماون نەگەڕاونەتەوە و بە وڵاتانی تری جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.
عێراق لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو تووشی لەناوچوونی شوێنەوارەکانی یان بەتاڵانبردنی شوێنەوارەکان بووە و نوێترینیان هێڕشەکانی داعش بوو کە پێنج ساڵە وەک قەلەمڕەو کۆتاییان هاتووە بەڵام وەک مەترسی هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا ماون و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت تواناکان لە دژیان یەک بخرێت تا ڕووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.

ھەواڵی زیاتر