سوودانی و شی جی پینگ كۆبوونه‌وه‌

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شی جی پینگ سه‌رۆكی چین، له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی – چینی، بۆ هاوكاری و گه‌شه‌پێدان، كه‌ سعوودیه‌ میوانداری ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌.

له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 9ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شی جی پینگ سه‌رۆكی چین، له‌ ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌ كۆبوونه‌وه‌ و تاووتوێی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و سوودوه‌رگرتنی عێراق له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی چین و به‌هێزكردنی شه‌راكه‌تی هاوبه‌ش كرا.

نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، عێراق ئامرازێكی به‌هێزی سه‌قامگیرییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌. هه‌روه‌ك سه‌رۆكی چین رایگه‌یاند، پێگه‌ی مێژوویی و شارستانییه‌تی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ گرنگه‌، ده‌كرێت ببێته‌ پردی پێكگه‌یاندنی وڵاتانی جیهان.

سه‌رۆكی چین دووپاتیكرده‌وه‌، له‌هه‌موو بواره‌كاندا پاڵپشتی عێراق ده‌كه‌ن و به‌تایبه‌ت سه‌قامگیری، سه‌روه‌ری و ئاسایش.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی سعوودیە بڵاویکردەوە، شی جیپینگ، سەرۆکی چین بڕیارە لەسەردانەکەیدا بۆ ریاز چەند گرێبەستێکی ئابووری بە بەهای 29 ملیار دۆلار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە واژووبكات.

لەو بارەیەوە شی جیپینگ، سەرۆکی چین دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی ریازی پایتەختی سعوودیە رایگەیاندبوو، لەگەڵ پاشای ئەو وڵاتە رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری چین لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو بە گشتی تاووتوێ دەکات.