هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بە گوێرەی نوسراوێکی فەرمی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

میدیا عێراقییەکان نوسراوێکی فەرمی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدایان بڵاوكردووەتەوە، كە تیادا وردەکاریی جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی کەرخ و رەسافەی روون کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاندووە، بە مەبەستی رێگریكردن لە ھەر ئەگەرێكی خۆپیشاندان زیاتر لە سێ ھەزار و 600 چەكدار لە بەغدا بڵاوەیان پێدەكرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە ئاكامی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران سێ خۆپیشاندەر کوژران و 21 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها له‌سه‌ر فه‌رمانی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوژراو و برینداره‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی پارێزگای زیقار پێكدەهێندرێت.