تیرۆریزم زیانی گەورەی بە کەرتی شوێنەواری عێراق داوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنفرانسی شارستانییەتە کۆنەکان لە بەغدا، بە فەرمی گەڕاندنەوەی هەژدە هەزار پارچەی شوێنەواریی دزراو، بۆ عێراق ڕاگەیەنرا. کۆنفرانسەکە بە بەشداری نۆ وڵاتی خاوەن شارستانییەت دەستی بە کارەکانی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە چواری تشرینی دووەم، شەشەمین کۆنفرانسی شارستانییەتەکان لە بەغدا دەستی پێ کرد و دکتۆر فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کە ڕۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی کۆنفرانسەکەدا بینیووە، بە فەرمی گەڕانەوەی پارچە دزراوەکانی عێراقی ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسەکەدا وەزیرانی فەرهەنگ و شوێنەواری وڵاتانی ئەندام بەشدارییان کردووە؛و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا پێداگریی لەوە کردووە کە تەنگژە و ناکۆکییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکاندا، قەیرانی گەورەی بەدواوە بووە و تەنیا لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە دەکرێ کۆتایی بەو قەیرانان بهێنرێت.
پێویستە بگوترێ کۆنفرانسی شارستانییەتە کۆنەکان بە بەشداری هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، یۆنان، چین، میسر، ئێران، مەکسیک، بۆلیڤیا، پێروو و ئەرمینیا، لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق پێی وایە، یەکێک لە گرنگترین ئەو مەترسییانەی وای کردووە شوێنەوارەکانی شارستانییەت بەرەو وێرانی بچێت، تیرۆریزم بووە، هەر چەندە نەیتوانیووە مێژوو بگۆڕێت.
عێراق لە قۆناغە جیاوازەکانی دەسەڵاتداری و ڕووداو و جەنگ و قەیرانەکاندا تووشی لەناوچونی شوێنەوارەکانی یان بەتاڵان بردنی شوێنەوارەکان بووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە دیپلۆماسییەی لە ساڵانی ڕابردودا بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەییەکان گیراوەتە بەر، توانراوە هەژدە هەزار پارچەیان بگەڕێنرێتەوە مۆزەخانەکانی عێراق و پارێزگارییان لێ بکرێ هەر چەندە بە هەزاران پارچەی تر ماون نەگەڕاونەتەوە و بە وڵاتانی تری جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.
جگە لە تەنگژەکانی دەیەکانی سەدەی ڕابردوو، لە جەنگی ئازادکردنی عێراق و رووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی،٢٠٠٣ سەدان پارچەی شوێنەواردزران و لە سالەکانی دواتریشدا گەندەڵیی و دۆخی نالەباری ناوخۆی عێراق وای کرد وەک پێویست نەتوانرێ پارێزگاری لە شوێنەوارەکان بکرێت. زۆرترین هەڵمەتی دزین و لەناوچوونی پارچەی شوێنەواریی دوای ئەوە ڕووی دا کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بەسەر مووسڵدا گرت.
دوای داگیرکردنی مووسڵ، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقدا گرت. بە هەزاران پارچەی شوێنەواری نەینەوا کەوتە دەستی داعش، کە یەکێکە لە کۆنترین ناوچەکان و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە. زۆر لە شوێنەوارەکانی وەک پەیکەر و مزگەوت تەنانەت کتێبخانەی گەورەی شارەکە لە لایەن داعشەوە لەناو بردرا یان پارچەکانی بۆ وڵاتانی تر گواسترانەوە.
لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵ دەسەڵاتی داعش لە عێراق، شوێنەوار یەکێک بوو لە سەرچاوە داراییەکانی داعش و هەرچەندە داعش لە بانگەشەکانیدا وای دەردەخست کە شوێنەوارەکان لەناو دەبات بەڵام بەشی زۆری ئەو پارچە شوێنەوارییانە لە ڕێی تاقمە مافیاکانەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە گواسترانەوە و فرۆشران و پارەکەشی بۆ پەرەپێدانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی داعش بەکار دەهێنرا. سەرەڕای ڕووخانی داعش هێشتا چاوەڕوان دەکرێ چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش بەشێک لەو شوێنەوارانەیان حەشار دابێت و بخوازن لە بازاڕەکان ساغی بکەنەوە و بۆ مەبەستی خراپ بەکاری بهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە لەبەر چاوگرتنی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان، ڕۆڵی کارای هەبووە لە گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکان و چاوەڕوان دەکرێ لەو کۆنفرانسەی دەستی پێ کردووە باس لە باشترین ڕێکارەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان بکرێت.