پەرلەمانی عێراق متمانە بە 2 وەزیری دیکە دەدات

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانە به‌ وه‌زیرانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ژینگه‌ی حکومەتی عێراق دەدرێت.

بڕیارە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (3ی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022) پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە بریتییە لە متمانەدان بە هەردوو وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ژینگەی حكومەتی عێراق.

به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌نگین رێكانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نزار ئامێدی، كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی وه‌زیری ژینگه‌ كاندید كراون.

رۆژی (28ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌غدا رێككه‌وتنكرا له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی كابینه‌كه‌ی سوودانی.

هه‌روه‌ها رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (1ی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كارنامه‌ی دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی رایگه‌یاند كه‌ نۆ بڕگه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ دانیشتنه‌كه‌ رۆژی (شه‌ممه‌ 3ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) كاتژمێر 11:00ی پێش نیوه‌ڕۆ ده‌ستپێده‌كات.

رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراقه‌وه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی راسپێردرا بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به‌ كارنامه‌ و 21  وه‌زیری‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی.