وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیایدا بە لابردنی مەرجی کارتی پشکنینی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی فەرمانگە تەندروستییەکانی عێراقی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو کەسانەی دێنە نێو عێراق یان دەچنە دەرەوە لە (1/12/2022) بەدواوە داوای کارتی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێناکرێت”.
دەشڵێت: “بەستنی ماسک لە سەرجەم شوێنە گشتییە کراوە و داخراوەکان ئازادانەیە و ناچاری نییە، تەنیا لە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان نەبێت”.
وەزیری تەندروستی عێراق لە نوسراوەکە هۆکاری لابردنی مەرجی کارتی ڤاکسین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان رێوشوێنەکان خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە لابراون و ئاماژە بەوەشدەکات: ” ئەو بڕیارەیان دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا لە عێراق و تەواوی جیهان دەرکردووە”.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش لە یەکی نیسانی 2022 مەرجی هەبوونی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنای بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە.