هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەجندای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران ئاشکرا دەکرێت

یاریدەدەرێکی سەرۆککۆماری ئێران ئەجندای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران ئاشکرا دەکات.

محەممەد جەمشیدی، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سبەی سێشەممە 29/11/2022، بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسیی و ئابووری بە سەردانێکی یەک رۆژە دەگاتە تاران، مەبەستی سەردانەکەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراقە.

جەمشیدی ئاماژەیداوە، ئیبراهیم رەیسی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆمەڵگەی مێژوویی رۆشنبیری سەعدئاباد بە فەرمی پێشوازی سوودانی دەکات و لێگەیشتننامەیەکی تایبەت بە فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکەن.

محەمەد شیاع سوودانی، دوای سەردانەکانی بۆ ئوردن و کوەیت، ئەمە سێیەم سەردانی دەبێت بۆ دەرەوەی عێراق لەوەتەی لە 27ی مانگی رابردوو وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکاربووە.