پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و بودجە نزیکترین و گرنگترین پرۆژەی بەردەم کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقن

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

دوای تێپەڕبوونی پتر لە مانگێک بەسەر متمانەدان بە حکوومەتی نوێی عێراق، پەرلەمان و حکوومەت هەوڵدەدەن بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی هەنوکەیی و گرنگن بۆ خەڵک و پێشتر بەهۆی نەبوونی حکوومەت نەتوانرابوو تێبپەڕێنرێت .

ئێستا حکوومەتی عێراق چەند پڕۆژەیاسایەکی لەبەردەمدایە بۆ تاوتوێ کردنیان، پەرلەمانیش لە ماوەی ڕابردوودا خوێندنەوەی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کردووە، لەوانە پڕۆژەیاسای سەربازیی ناچاری، کە بەهۆی مشتومڕی لایەنەکان بۆ جارێکی دیکە دواخرا. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای مافی منداڵانیش کرد، بە هاوئاهەنگی لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا. بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر، پەرلەمان خۆی بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق ئامادە دەکات تاکو عێراق لەو دۆخە ناهەموارەی بازاڕ و هەڵبەز و دابەزە ڕزگار بکات و چاوەڕوانیش ئەوەیە ئەو بودجەیە کۆتایی بە کێشەی بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا بهێنێت، بە جۆرێک حکوومەتی نوێی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت .
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە حکوومەتی لەسەر پێکهاتووە و شەش لایەن تێیدا بەشدارن، دەیەوێت پێش سەرهەڵدانی دەنگی ناڕەزایەتی لە نێو خەڵكدا، کۆمەڵێک پرسی گرنگ یەکلایی بکاتەوە. ئێستا لە پەرلەمانی عێراق ئۆپۆزیسیۆنێکی وا نییە ڕووبەڕووی کێشە و کەموکورتییەکان ببێتەوە، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆنیش ناگاتە ئەوەی ڕێگر بن لەبەردەم ئەو پرسانەی بە دڵی ئەوان نییە، ئەوەش دەستی حکوومەت واڵاتر دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لایەنەکان مەبەستیانە لەو قۆناغەدا تێبپەڕێنرن.
هەنگاوەکانی سوودانی لە هەوڵی بەیاساکردنی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی و لادانی ژمارەیەک بەرپرس، دەیەوێ بڵێت کاری ئەو حکوومەتە هەوڵدانە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، بەڵام ئەوانەی لێی ناڕازین دەڵێن درێژکراوەی پێش خۆیەتی و ناتوانێ پەنجە لەسەر برینە قووڵەکانی جەستەی عێراق دابنێت .
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی دەڵێ: بڕیاری کابینەی حکوومەت بۆ کشانەوەی ڕەشنووسی یاساکان ڕێگە پێ دراوە، بەو پێیەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕێگە بە حکوومەت دەدات “بە پشتبەستن بە نووسراوێکی فەرمی ڕەشنووسی یاساکان بکشێنێتەوە بە مەرجێک لە خوێندنەوەیەک زیاتر بۆ ئەو جۆرە یاسایانە نەکرابێت” دەشتوانرێت پڕۆژە یاساکان پێشکەش بە پەرلەمان بکرێتەوە کاتێک هەموارکرانەوە .
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێ : ئامانجی ناردنەوەی پڕۆژەیاساکان بۆ حکوومەت بۆ ئەوەیە یەکدەنگی هەبێت لەسەری و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا پەسند بکرێت .

حکوومەتی سوودانی لەدایکبووی گەورەترین فراکسیۆن نییە، بەڵکو بە ڕێککەوتنی لایەنەکان دروست کراوە، ئەوەش دەیخاتە بەردەم ئاڵنگاری و ڕەخنەی زۆری ئەو لایەنانەی لێی ناڕازین، بەتایبەت سەدرییەکان کە خاوەنی پێگەی جەماوەرین .
یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکوومەتی سوودانی دەرکردنی یاسای نەوت و گازە ، زیاتر لە 17 ساڵە ئەو پڕۆژەیاسایە هەیە، بەڵام مشتومڕی سیاسی رێگە نادات پەسند بکرێت، ئەگەر پەسند بکرێت داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا یەکلایی دەکاتەوە بەتایبەت لە شایستە داراییەکان. هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو یاسایە بە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دابنرێت، چونکە پێشتر بەشێوەیەک داڕێژرابوو کە بەغدا کۆنتڕۆڵی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش بەغدا ڕەتی دەکاتەوە .
بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ داهاتی نەوت و گاز دادپەروەرانە دابەش بکرێتە سەر هەموو دانیشتوانی عێراق، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە 7 ساڵە بە ناتەواوی و چەند ساڵێک هەر بودجەی کوردستانی نانێرێت، بۆیە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا ئەو قەرزانەی لەسەریەتی هی ساڵانی ڕابردوو بیداتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە ماف و شایستەی خۆیەتی و پێی نەدراوە .
هەرچەندە دەستوور بە ڕوونی لە ماددەکانی 112 و 115ـی ماف دەداتە هەرێمی کوردستان کە سیاسەت و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەڕێوە ببات، بەڵام بەغدا لە ڕێگەی چەند بڕیار و داوایەکەوە، لە ساڵانی رابردوودا ویستوویەتی دەست بەسەر هەموو داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکاندا بگرێت، کوردیش ئامادە نییە ئەوە بکات، ئەو مشتومڕە چەندین ساڵە بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر